دوای هەشت مانگ
شارەوانی هەولێر مۆڵەتی 7 هەیکەلی تەواو نەکراوی راییکرد
964+
فەهمی نەبی
شارەوانی هەولێر دەیەوێت هەرچی هەیکەلی تەواو نەکراوی ناو شار هەیە تەواویان بکات و ئەمڕۆش هەر شەش شارەوانیەکەی سنووری هەولێر لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی کۆبونەتەوە و مۆڵەتی حەوت باڵەخانەی تەواو نەکراویان رایکردووە.
کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە 964ی وت، “ئاسانکاری تەواو بۆ خاوەنی ئەو باڵەخانانە دەکەین کە تەواو نەکراون، چونکە سیمایەکی ناشرینیان بە شار بەخشیووە، بۆیە ئەمڕۆ بڕیاردرا مۆڵەتی کارکردن بە حەوت باڵەخانەی تەواو نەکراو بدەین”.
“بەشێک لەو باڵەخانانە بەهۆی سەرپێچییەوە راگیراون و بەشێکی دیکەیان بەهۆی ئابوریەوە کێشەیان بۆ دروست بووە، یەک بەدوای یەک کێشەی باڵەخانەکان چارەسەر دەکەین” ئەمەش قسەی سەرۆکی شارەوانییە.
رۆژی 5.7.2023 شارەوانی هەولێر بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ تەواوکردنی هەیکەلە تەواو نەکراوەکان، دوای هەشت مانگی رێک هێشتا لیژنەکەی شارەوانی هەولێر تەنیا مۆڵەتی دەستپێکردنەوەی حەوت هەیکەلی داوە.
سەرۆکی شاروانی هەولێر دەڵێت: ئەو کارئاسانییە تەنیا بۆ هەیکەلی باڵەخانەیە و خانوو ناگرێتەوە.