لەگەڵ منداڵانی باخچەی ساوایان
گەنجێک لە رۆژی لەدایکبوونی بە ئەندازەی ساڵەکانی تەمەنی نەمامی چاند
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
گەنجێکی دانیشتوی قەزای دەربەندیخان، ھەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی بەپێی ئەندازەی تەمەنی نەمام دەچێنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە لە 28 ساڵەی تەمەنیدا، لەیەکێک لە باخچەکانی دەربەندیخان 28 نەمامی چاندووە.
نەمامەکان لە جۆری، سنەوبەری پان و دریژ، گوڵەباخ و چەند جۆریکی ترن، بۆ ئاودانیان ئاویش دابینکراوە.
بیلال حەسەن، ئەو گەنجەیە نەمامەکانی چاندووە بە 964ى وت، “نەمامەکانم لەگەڵ ژمارەیەک منداڵی باخچەی ساوایان چاندووە، بە ئامانجی ئەوەی لەم کارەم، پەیامی خۆشویستنی ژینگە لەڕێگەی نەمام چاندنەوە بە منداڵان بگەیەنم، تا زیاتر ئاشنای ژینگەبن و خزمەت بە درەختەکان بکەن و سروشتی چواردەوریان پاک رابگرن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “جگە لە چاندنی نەمامەکان، تورەکەی قوماشی خامم بەسەر منداڵەکان دابەشکردووە، بۆئەوەی بیبەنەوە بۆ ماڵەوە و ئەو پەیامە بە دایکان و باوکان بگەیەنین لەبری عەلاگە، تورەکەی خام بەکاربهێنن”.
وەک لە ڤیدیۆکان دەردەکەوێت، بیلال حەسەن لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵی باخچەی ساوایان دەردەکەوێت و رێنوێنیان پێدەدات لەچاندنی دارەکان.
“ھیوادارم، ئەم جۆرە چالاکیانە ببێتە کلتور و ببێتە نەریت، هاوڵاتیان لەیادەکانی لەدایک بوونیان نەمام و گوڵ بچێنن، چونکە ئەم کارە دەمێنێتەوە و ژینگەمان زیاتر سەوزتر دەبێت و خزمەتێکی گەورەیە بە ژینگەی وڵاتەکەمان” بیلال حەسەن وای وت.