شاندێکی دەستەکە لەو وڵاتەیە
لە ئەڵمانیاوە کار بۆ هێنانی گەشتیار بۆ کوردستان دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەیەوێت گەشتیار و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا بهێنێتە کوردستان، شاندێکی دەستەکە لە ئەڵمانیان و لە پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتیاری بەرلیندا بەشدارن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە 964ـی راگەیاند، بەشداریکردن لەو پێشانگا نێودەوڵەتییە گەشتیارییەی بەرلین گرنگە، چونکە دەرفەتی زێڕینی تێدایە بۆ ناساندنی کوردستان وەک رووگەیەکی گەشتیاری.
وتیشی، “هەوڵ دەدرێت لەو پێشانگایە گەشتیاران بە کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکانی بناسێندرێن و هانی وەبەرهێنانیش دەدرێت بێن لەو کەرتەدا لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن”.
دەستەی گەشتوگوزار پلانێکی هەشت ساڵەی هەیە و دەیەوێت لەو ماوەیەدا لە 15 جۆری گەشتیاریدا لە کوردستان وەبەرهێنان بکرێت.
“هەر وڵاتێک بیەوێت لە بازاڕی گەشتیاری دانەبڕێت و شارەزای بووارەکە بێت دەبێت بەشداریی لە کۆڕبەند و پێشانگا جیهانییەکانی گەشتیاری بکات”، ئەوەش قسەی ئیبراهیم عەبدولمەجیدە.
بە پێی زانیارییەکانی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، ئەو شاندە چەندان چاپکراو و پرووشەری تایبەت بە گەشتیاریی هەرێمی کوردستانیان پێیە و لەوێ بڵاویدەکەنەوە.