بەشێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی هەولێر: بازاڕ ستۆپی کردووە

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

بەهۆی ناجێگیری نرخی دۆلار، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی سەیارە و خانووبەرە لە هەولێر کز بووە و بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی فرۆشتنی سەیارە دەڵێت، “دوو هەفتەیە بازاڕ بە تەواوی وەستاوە”.

سەردار ئازاد، خاوەنی کۆمپانیای ئەملاک لە هەولێر، بۆ 964+ی باسکرد “خەڵک ناوێرێت موڵک بکڕێت، چونکە کە پارەی عێراقی دەگۆڕێتەوە بە دۆلار، بڕێکی زۆر زەرەر دەکات، بۆ نمونە ئەمڕۆ گرێبەستێکی شوقە ھەبووە لای ئێمە، لە 100 ھەزار دۆلار بڕی دوو ھەزار دۆلار زەرەری کردووە، ناچار مامەڵەکەی هەڵوەشاندەوە”.

لەبارەی جموجۆڵی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی سەیارە، بارزان کاکۆ، خاوەنی پێشانگای رزگاری بە 964+ی وت “دوو هەفتەیە، یەک گرێبەستمان کردووە، خەڵک ناوێرێ سەیارە بکڕێت”.

مەریوان قادر، خاوەنی کۆمپانیای ئال قادر، لەبارەی نرخی ئۆتۆمبێل بۆ 964+ی گێڕایەوە، کە دوو ھەفتەیە یەک سەیارەشیان نەفرۆشتووە “کەس ناوێرێت خۆی لەقەرەی کڕین بدات، لە سەرەتای ساڵەوە بازاڕ وەستاوە لەگەڵ ئەوەشدا نرخی ھەر سەیارەیەک ھەزار دۆلاری ھاتووەتەسەر”.

ماوەی دوو مانگە نرخی دۆلار گۆڕانکاری زۆری بەسەر هاتووە، بەجۆرێک دوێنێ سێشەممە، نرخی 100 دۆلار گەیشتە سەرو 160 هەزار دینار.