فەرمانگە لاوەکییەکانى هەرێم دەتوانن راستەوخۆ داواى موچە لە بەغداد بکەن؟
سەرۆکی دادگای فیدراڵی: بە هیچ شێوەیەک نابێ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دوابکەوێت
964+
ژوورى هەواڵ
جاسم عمێری سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، باسی ناوەڕۆکی بڕیاری دادگاکەی دەکات سەبارەت بە موچەخۆرانی هەرێم و دەڵێت، دواکەوتنی موچەی موچەخۆران پێچەوانەی دەستوورەو دەبێت لەکاتی خۆیان موچە وەربگرن.
جاسم عمێری، ئەمڕۆ قسەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی عێراق کردووە، بەوردی باسی ناوەڕۆکی بڕیارەکەیان دەکات، دەڵێت ”ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادە نەبێت هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بکات، ئەوا فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم راستەوخۆ دەتوانن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هەمەهەنگی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە”.
عمێری روونیکردووەتەوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەرۆکی حکومەتی ناوەندى و سەرۆکی حکومەتی هەرێمى پابەندکردووە بە جێگیرکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی لەلای بانکە فیدراڵییەکان و ئەمەش لە بەشە بوجەی هەرێم دەبڕدرێت.
بە وتەى سەرۆکى دادگاى فیدڕاڵى، ئەو توێژانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە دەرکەوت کە موچەی مانگانەیان بەشێوەیەکی رێک و پێک وەرنەگرتووە لەکاتی خۆیدا، بۆیە نابێت کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندى و هەرێم لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بوجە ببێتە هۆکاری بێبەشکردنی موچەخۆرانی هەرێم لە موچەی مانگانایان.
چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی دوورو درێژە، 964 ئەو بەشەی کردووە بە کوردی کە باسی موچەی موچەخۆران دەکات، تیایدا وتوویەتی،”دادگای فیدراڵی لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە لایەنی پەیوەندیدار بۆ هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی دارایی عیراق و وەزارەتی دارایی هەرێم بریتییە لە وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بەمە رازی نەبوو، ئەوا دەکرێت فەرمانگە لاوەکییەکان راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەماهەنگی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە”.
جاسم عمێری، زیاد لەجارێک ئەوە دووپات دەکاتەوە کە نابێت ئیتر بە هیچ شێوەیەک موچەی موچەخۆرانی هەرێم دوابکەوێت ”ناکرێت موچەخۆری شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق موچەی مانگانەیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن، بەڵام موچەخۆرانی هەرێم بێبەش بکرێن، بەم شێوەیە یەکسانی دروست نابێت و ئەمە پێچەوانەی دەستوورە”.