ئاسۆ بەو گۆڵەی لە سعودیە کردی خۆری ئاسۆی هەڵهات

گۆڵەکەی بووە خێرو بەرەکەت و ئاسۆی لە زیندانی رزگار کرد

+964

ئاودێر عومەر – سلێمانی

بەو گۆڵەی لە هەڵبژاردی سعودیە تۆماری کرد، ئاسۆ رۆسته‌می یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، لە کەسێکی راکردوو لە یاساوە کردی بە دڵخوازو شانازی سلێمانییەکان.

ئاسۆ رۆسته‌م محەمەد، وەک هەر منداڵێکی دیکەی دنیا حەزو خولیای بۆ وەرزش و تۆپی پێ هەبووە، وەک دایکی دەڵێ لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەگەڵ هاوڕێکانی لە کۆڵان یاری دەکات.

ئاسۆ، لە ئۆردوگایەکی نەفیکراوانی پاشاوەی ئەنفالی گەرمیان، لە ئەلتاش لە رومادی، لەدایکبووە، دواتر گەڕاونەتەوە بۆ کۆمەڵگەی باریکەی سەرووی عەربەت و، منداڵی لەوێ بەسەربردووەو پاشان لەگەڵ خانەوادەکەی دەچنە سەید سادق و زەڕایەن، لەوێش لەگەڵ تیپە وەرزشییە میللییەکانی ئەو ناوچانە یاری کردووە لەوانە تیپی وەرزشی رۆژهەڵات لە باریکە، تیپی وەرزشی چیایی لە سلێمانی و تا ساڵی 2016 هەر لەو تیپە بووە.

بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ تیپی وەرزشی چیایی پێشکەشی کرد بوو، یانەی وەرزشی نەورۆز بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ واژوو دەکات و دەیباتە ریزەکانی خۆی.

ئاسۆ، جگە لە یانەی وەرزشی نەورۆز یاری بۆ یانەی هەولێر و کەربەلا لە خولی عێراقی کردووە، پارساڵ بە 18 گۆڵی لەگەڵ یانەی وەرزشی نەورۆز لە خولی عێراقی تۆمار کردووە، ئەمەش وایکرد چەند یانەیەکی ئیماراتی و سعودی و کوەیتی گرێبەستی پێشکەش بکەن.

دواجار ئاسۆ گرێبەستی لەگەڵ یانەی سالمییەی کوەیتی واژوو دەکات، ئێستا یاریزانی ئەو یانەیەیە.

 ئەو یاریزانە کوردەی هەڵبژاردەی عێراق، لەدایکبووی ساڵی 1994ـە، ساڵی 2016 پەیمانگەی وەرزشی سلێمانی تەواو کردووە، بووە بە پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ژینگەو دارستانی سلێمانی.

ئاسۆ، ساڵی 2018 ژیانی هاوسەرگیری پێکەوەناوەو باوکی یەک منداڵە.

سورەتگوڵ مراد، دایکی ئاسۆ کە خۆی خەڵکی زەهاوە، باس لەو ساتە دەکات کە کوڕەکەی گۆڵی لە تۆڕی هەڵبژاردەی سعودیە تۆمار کرد، دەڵێ: بە دیار یارییەکە دانیشتبووم، کە ئاسۆ گۆڵی کرد یەکسەر سوجدەی شوکرانەم برد.

“زۆرجار داوای جلی وەرزشی دەکرد، پارەمان نەبووە بۆی بکڕین، زۆرجاریش دڵمان شکاندووە بەهۆی نەبوونییەوە خۆی تۆپی کڕیوە تا یاری پێ بکات”. دایکی ئاسۆ وای وت، باسی لەو گۆڵەش کرد کە کوڕەکەی کردوویەتی و دەڵێ: دراوسێکان هەموویان هاتوون و پیرۆزباییان کردووەو داوای شیرینییان کردووە.

بە قسەی دایکی بێت، ئاسۆ لە یەککاتدا دەیخوێند و یاری دەکردو وەک پۆلیسیش خۆی دامەزراندووە، وتی “لەبەر ئەوەی کەمێک نەخۆشم، نەچووم بۆ کەنداوی 25 بەڵام خێزانەکەی رۆیشت.. لەو یاریەی گۆڵەکەشی کرد تا کۆتایی سەیرم کردو کە گۆڵیشی کرد یەکسەر سوجدەی شوکرانەم بۆ خوای گەورە برد.. لەو ساتەی کە ئاسۆ گۆڵی کرد خۆشترم لە ژیانم نەدیوە مەگەر چوونە بەهەشت نەبێت”.

ئاسۆ رۆستەم، بەهۆی گرێبەستی لەگەڵ یانە کوەیتییەکە، ناجار بووە دەوامی پۆلیسی جێبهێڵێت و بە فەرمیش دەستلەکار کێشانەوەی پێشکەش نەکردووە، ئەمەش بەپێی یاسا دەبێتە کەسێکی داواکراو.

ئاسۆ بەوە دەزانێت کە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە داواکراوە بۆیە بۆ پەیوەندی کردنی بە هەڵبژاردەی عێراق، لە کوەیتەوە دێتەوە هەولێر، کاتێکیش دەیەوێت لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بچێتە بەسرە، لە فڕۆکەخانە رادەگیردرێت.

عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی تەداخول دەکات و بە تەلەفۆن ئازادی دەکات، بەڵام گۆڵەکەی لە تۆڕی هەڵبژاردەی سعودییە دەبێتە فریادرەس بۆیان.

هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان بە 964+ راگەیاند: ئاسۆ ڕۆستەم، کارمەندی پۆلیسە لای ئێمە لەمانگی تشرینی یەکەمی 2022، داواکاریەکی نووسی بوو بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، پێش ئەوەی مۆڵەتەکەی بگەڕێتەوە لەلایەن وەزیری ناوخۆ، ئاسۆ، گرێبەستێکی لەگەڵ نادی سالمییەی کوەیتی کردبوو لە غیابی داخڵی گروپ کراوە بۆماوەی مانگێک، بەڵام  لە23ـی تشرینی دووەمی رابردوو، گەڕاوەتەوەو لەلایەن وەزیری ناوخۆوە بۆی کراوە بە مۆڵەت ئێستا لە مۆڵەتی فەرمی دایە.