سەندیكای رۆژنامەنوسان 12 هەزار ئەندامی هەیە و 12 ساڵە كۆنگرەی نەبەستووە

    +964

   بەدواداچون

كوردستان ئەحمەد- هەولێر

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان 12 ساڵە هیچ كۆنگرەیەكی نەبەستووەو  نەقیبی سەندیكاش دەڵێت: رێگەنادەن كۆنگرە ببەستین.

كاروان ئەنوەر، بەرپرسی رۆژنامەنوسانی كوردستان لقی سلێمانی بە دڵێكی پڕەوە قسە بۆ +964 دەكات و دەڵێت” ئەوە 12 ساڵە سەندیكا كۆنگرەی نەكردووە چەندینجار داوای ئەنجامدانی كۆنگرەمان كردووە، بەڵام لە هەولێرەوە وەڵاممان نادەنەوە و دیار نییە بۆچی كۆنگرە ناكرێت”.

 لە مانگی کانونی یەکەمی 2003، سەندیكای رۆژنامەنووسانی ئیدارەی پارتی لە هەولێر و یەکێتی رۆژنامەنووسانی ئیدارەی یەکێتی لە سلێمانی، کۆنگری یەکگرتنەوەیان ئەنجامداو ناوەکەیان کردە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و فەرهاد عەونی وەک نەقیبی سەندیکا دەستنیشانکرا.

لەو کاتەوە تا ئێستا، سەندیکای رۆژنامەنووسان تەنیا دوو كۆنگرەی بەستووە، ئەویش ساڵی 2009 و ساڵی 2011، ئەو ستافەی ئێستا لە سەندیکان، لەو کاتەوە هەڵبژێردراون.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی سەندیكا بووایە، دەبوو ساڵی 2015 كۆنگرەی چوارەم بكرایە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی شەڕی داعشەوە سەرجەم سەندیكاكانی كوردستان كارەكانیان راگیراو هیچ كۆنگرەیەكیش ئەنجام نەدراوە.

كاروان ئەنوەر، 11 ساڵە بەرپرسی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانە، خۆی دەڵێت: ماقول نییە تا ئێستا کۆنگرە نەکراوە، داوا دەكەم بەزووترین كات كۆنگرە ببەسترێت.

لە 15ی تەموزی 2015ـەوە ئەم خولەی سەندیكا هیچ شەرعیەتێكی نییە

كاروان ئەنوەر، چیرۆكی یەكگرتنەوەی هەردوو سەندیكای رۆژنامەنوسان بۆ +964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت”پێش ساڵی 2003 لە سلێمانی یەكێتی رۆژنامەنوسانی كوردستان و لە هەولێریش سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان هەبوو، بەڵام لەو ساڵەوە یەكیان گرتەوە و بوون بە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان”.

 ژمارەیەكی زۆر رۆژنامەنوس لە سلێمانی و لە تەواوی كوردستان لە دەرەوەی سەندیكا كاری میدیای دەكەن و پێیان خۆشە ببنە ئەندامی سەندیكا بەڵام نەتوانراوە ببنە ئەندامی سەندیكا و كەمترین رۆژنامەنوس ئەندامیتی قبوڵكراوە.

 كاروان گلەی هەیە و دەڵێت: سەندیكا كارەكانی بەباشی تێناپەڕێنێت، سەندیكا هیچ كارێكی میدیای پێناكرێت، لە جیهاندا سەندیكا دەسەڵاتی هەیە، بەڵام لە كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی نییە و نەیتوانیوە كار بۆ رۆژنامەنوسەكان بكات.

گفتوگۆ لەگەڵ كاروان ئەنوەر

لە ساڵی 2011ـەوە كاری سەندیكا هیچ باش نەبووە، ململانێی زۆر لە نیوان سەندیكا دروستبووە، شتی لابەلا بەرامبەر بە لقی سلێمانی سەندیكا دەكرێت، لە 2014ـەوە لقی سلێمانی و هەڵەبجە هیچ بودجەیەكی بۆ نەنێردراوە، كاروان وای وت.

پێش شەڕی داعش، سەندیكا مانگانە 100ملیۆن دیناری وەردەگرت، پاش شەڕی داعش، بودجەكە بوو بە 30 ملیۆن دینار، بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە پارە بۆ لقی سلێمانی نەنێردراوە.

 كاروان ئەنوەر دەڵێت” رۆژنامەنووسانی سلێمانی زۆر نیگەرانن لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان  ئەوەش وایكردووە كەمترین رۆژنامەنووس وەرگیراوە و گلەیەكی زۆریشمان لە  سەندیكا هەیە”.

گفتوگۆ لەگەڵ كاروان ئەنوەر

لە بارەی پەیوەندییان لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق؟

كاروان ئەنوەر وتی ”لە ماوەی رابردوودا هەوڵمدا پەیوەندی لەگەڵ عێراق دروستكەین، بەڵام لە هەولێرەوە ئاستەنگیان بۆ دروستكردو وتیان نابێت ئەوە بكرێت، هەرچەندە ئەوە دەسكەوتی زۆر باشی تێدایە بۆ رۆژنامەنوسان، وەك پێدانی سەیارە و خانوو زەوی و تەنانەت سەفەریش بۆ دەرەوەی وڵات و پێدانی قەرز بەڵام لە هەولێرەوە پەیوەندییان پێوەكردین كە نابێت ئەو كارە بكرێت”.

 كاروان ئەنوەر، پرسێكی گرنگ باسدەكات كە پەیوەستە بە ژیانی رۆژنامەنوسانەوە ئەو دەڵێت ”ئێمە لە سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان رێككەوتین كە خانوو شوقە بۆ رۆژنامەنوسان بكرێت، لەواژۆكردنی گرێبەستەكەدا بووین لە هەولێرەوە تەلەفۆنیان كردو نەیان هێشت كارەكە بكەین”.

شوقەكان 730 شوقە بوون، لەگەڵ 270 ڤێلا بوون بە بەهای پێنج دەفتەرو سێ هەزار دۆلار بە قیستی یانزە ساڵ دەدرا بە رۆژنامەنوسان بەڵام رێگری لە پرۆژەكە كرا و هەڵوەشایەوە بە بیانوی ئەوەی لە هەولێر و دهۆك ئەو كارە نەكراوە.

 ئێستا گرێبەستی شوقەكان لە سەندیكای رۆژنامەنوسان لقی سلێمانیە بەڵام رێگری دەكرێت لە دروستكردنی.

گفتوگۆ لەگەڵ كاروان ئەنوەر

 كاروان ئەنوەر گلەی هەیە و دەڵێت” من رۆژنامەنوسم بردووە بۆ دەرەوەی وات بۆ ئەوەی خول ببینن كەچی تۆمەتیان بۆ دروستكردووم و دەڵێن جاسوسم و كار بۆ ئیتڵاعاتی ئێرانی دەكەم، لەگەڵ ئەوەی سكاڵام لەسەر تەواوی ئەو میدیایانە تۆمار كردووە كە وایان پێوتم.

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان 12 هەزار ئەندامی هەیە، ساڵانە بۆ تازەكردنەوەی باجەكە دەبێت  25 هەزار دینار بدات و ئەندامی ئاسایش دەبێت 15 هەزار دینار .

عومەر تینو، بەرپرسی لقی گەرمیانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە+964ی وت ”ئێمەش داوا دەكەین كۆنگرە بكرێت و شەرعیەت بۆ سەندیكا بگەڕێتەوە و تەواوی ئەندامەكان بە چالاكی كارەكانی خۆیان بكەن و كێشەكان چارەسەر بكەن.

ئۆفیسی گەرمیان سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە ساڵی 2007 دامەزراوە و 40 ئەندامی هەیە.

قسەمان لەگەڵ سەڵاح جەمیل، بەرپرسی لقی هەڵەبجەی سەندیكاكرد، ئەوی هەمان بۆچوونی هەبوو، داوادەكات كۆنگرە لەكاتی خۆیدا بكرێت و دەبێت گرفتەكانی سەندیكا چارەسەر بكرێت.

لقی هەڵەبجەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ساڵی 2018دامەزراوە و نزیكەی 100ئەندانی هەیە

پەیوەندیمان بە نەقیبی رۆژنامەنوسانی كوردستانەوە كرد، موبایبەكەی داخراوە و لە سەفەرە