بۆ هەولێریش ئامادەکاری دەکرێت
سەنتەری شیاندنی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر لە سلێمانی کرایەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
ئەمڕۆ لە چاکسازی گەورانی سلێمانی سەنتەری شیاندنی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر کرایەوە، چکاسازی ژنان و منداڵانیش دەتوانن سودی لێ ببینن.
شیاندنەوەی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمان و راهێنان و شیاندنەوەی کەسی بەکارهێنەرە لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە.
ئیحسان عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رابردودا لە چاکسازی گەورانی دهۆک سەنتەری شیاندنی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر کراوەتەوە، ئەمڕۆ لە سلێمانیش دەکرێتەوە.
سەنتەرەکە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەکرێتەوە، ئەو کەسانەی ئالودەی مادە هۆشبەرەکانن چارەسەر وەردەگرن تیایدا.
لە سەنتەرەداکەدا تەنیا یەک پزیشک هەیە، هەوڵ دەدەن لە داهاتودا بیکەن بە دوو پزیشک، بۆ ئەوەی بتوانن بە تیۆری و پراکتیکی هاوکاری ئالودەبوان بن و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا.
ئامارەکانی ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر مەترسیدارن، لەناو سەرجەم چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستاندا هەزار 214 کەس هەیە، 676 بەکارهێنەرن 538 بازرگانن، لە مانگی 12 ی 2023 هەزار و 168 کەیسیان هەبووە، بەڵام لە مانگی یەکی 2024 دا ئەو ئامارە بەرز بووەتەوە بۆ هەزار و 214 کەس، واتە لە ماوەی مانگێکدا 46 کەس هاتوونەتە ناو چاکسازییەکان.
لە پرسیارێکی پەیامنێری 964 دا لە بارەی ئەو کەسانەی چەند جارێک لەسەر بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراونەتەوە بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم وتی، ئەو کەسانەی بەکارهێنەرن و چەند جارێک دەستگیر دەکرێن رێژەیان کەمە، کاری باش لەسەر ئالودەبوان کراوە لەسەر راهێنانەوە و شیاندنەوەیان.
رۆژانە شیاندنەوە بۆ ئالودەبوان دەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا نزیکەی 10 کەس چاک بوونەتەوە، بەپێی ئاماری چاکسازی گەوارنی دهۆک لە ماوەی پێنج مانگدا 40 کەس چاک بوونەتەوە.
چاکسازی گەورانی هەوليریش ئاگادار کراونەتەوە ئامادەکاری بکەن بۆ کردنەوەی ئەو بەشە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی