964+
"ماندوو بووم"
بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان: داوامکردووە لە پۆستەکەم لاببرێم
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان، دوای 25 رۆژ لە وەرگرتنی مۆڵەت، دوێنێ یەکشەممە 25.2.2024 دەستی بە دەوام کردەوە و ئەمڕۆ دووشەممە داوایکرد کەسێکی دیکە لە پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکە دابنرێت.
ھاوار حەمید بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان نزیکەی 5 ساڵە لەو پۆستەدایە.
بەڕێوەبەرەکە ئەمڕۆ دووشەممە 26.2.2024، داوای لە وەزارەتی پەروەردە کردووە، کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دابنرێت دواتر ماڵئاوای لە فەرمانبەر مامۆستا و کارمەندانی پەروەردەکەی دەکات، ھاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بە 964ى وت،”دەستم لەکار نەکێشاوەتەوە، 25 رۆژ مۆڵەتم وەرگرتبوو ئەوەش بەھۆی دۆخی تەندروستیمەوە بووە”.
“دوێنێ دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەم، ھاتمەوە دەوام و ئەمڕۆش داوامکرد کەسێکی تر بدۆزنەوە بۆ شوێنەکەم، من ناتوانم بەردەوامی بە کار و ئەرکەکانی پۆستەکە بدەم وەک بەڕێوەبەری پەوەردەی دەربەندیخان” هاوار حەمید وای وت.
ئەو بەڕێوەبەرە رەتیدەکاتەوە، داواکەی پەیوەندی بە دۆخی بایکۆت و فشاری رێکارە کارگێڕییەکانی خوێندن بێت، کە لەبەرامبەر مامۆستایان گیراوەتەبەر و ئەوەی وت، “ماوەیەکی زۆرە لە پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بەردەوامم و ماندوو بووم، داوامکردووە بمگوازنەوە بۆ پۆستێکی تر”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا