بۆ پاراستنی لیژنەیەکیان دروستکردووە

هاوڵاتیانی گوندی هەنجیرە خۆبەخشانە سەدان داریان چاند

964+
بەرزان عوسمان – دوکان

هاوڵاتیانی گوندی هەنجیرە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و جوانترکردنی سیمای گوندەکەیان هەڵمەتێکی چاندنیان دەستپێکرد و بڕیاریان داوە 650 دار سنەوبەر بچێنن.

ئەمڕۆ شەممە زیاتر لە 25 کەس لە دانیشتوانی گوندەکە بەشدارییان لە هەڵمەتەکە کردووە 200 داریان چاندووە و رۆژانی داهاتوو ئەوەی ماوە دەیچێنن.

دانیشتوانی گوندی هەنجیرە بۆ پاراستنی ئەو دارانەی چاندوویانە لیژنەیەکیان دروستکردووە.

سێبور حەسەن، ئەندامی لیژنەی پاراستنی دارەکانی گوندی هەنجیرە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەمڕۆ بەدرێژایی یەک کیلۆمەتر 200 داری سنەوبەرمان چاند، بۆیە ئەم جۆری دارەمان هەڵبژاردووە بۆ چاندن، چونکە لەگەڵ کەشوهەوای گوندەکەمان گونجاوە و زیاتر بەرگەی مانەوە و کەم ئاوی دەگرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەکەی گوندی هەنجیرە ئەوەش دەڵێت، تێچووی کڕینی دارەکان و دروستکردنی پەرژین بۆ پاراستنی دارەکان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە و لەسەر ئەرکی هاوڵاتیانی گوندەکە و چەند خێرخوازێک بووە، چاودێری و ئاودانی دارەکان لە ئەستۆی هاوڵاتیانی گوندەکە دەبێت.

گوندی هەنجیرە سەربە ناحیەی بنگردە لە قەزای دوکان و زیاتر لە 30 خێزان نیشتەجێی گوندەکەن.

رەزامەندی قیرتاوکردنی رێگای گوندی هەنجیرە دەرچوو

رەزامەندی قیرتاوکردنی رێگای گوندی هەنجیرە دەرچوو