سەرچاوەیەک بۆ 964
لە چەمچەماڵ بۆ پشکنینی DNA تەنیا 388 کەس نمونەی خوێنی لێ وەرگیراوە
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
ئەو لیژنەیەی ماوەی هەفتەیەکە لەچەمچەماڵ پشکنینی DNA بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەن، کۆتاییان بەکارەکانیان هێنا و سەرچاوەیەکیش ژمارەی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە لەماوەی ئەو شەش رۆژە نمونەی خوێنیان لێ وەرگیراوە.
964 لەسەرچاوەیەکەوە ئەوەی دەستکەوتووە لەماوەی یەک هەفتەدا تەنیا 388 کەس نمونەی خوێنی لێ وەرگیراوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA و ئەمڕۆ هەینی پرۆسەکە کۆتایی پێهات.
ترشی DNA هۆکارێکە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی زانیارییە بۆ ماوەییەکان لە مرۆڤدا و بەکاردێت بۆ ناسینەوەی پێشینەی جیناتی مرۆڤ.
رۆژی 17.2.2024 لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق، فەرمانگەی کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق و پزیشکی دادی بەغدا، بە هاوبەشی مۆنۆمێنتی ئەنفال لەگەرمیان بۆماوەی شەش رۆژ پرۆسەی وەرگرتنی خوێنیان دەستپێکرد و ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ پرۆسەکە کۆتایی هات.
چەمچەماڵ؛ پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی 172 رووفات دەکرێ
هابیل ئەحمەد بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال دەڵێت، دوای گەڕانەوەی ئەم تیمە بۆ بەغدا، پرۆسەی ناونووسین بەردەوام دەبێت بۆ وەرگرتنی نمونەی خوێن، هاوکات ئەوانەی ناویان دەنوسن سینمیناریان بۆ دەکرێت، تاوەکو بەکەمترین کات وەڵامی پرسیارەکانی لیژنەکە بدەنەوە”.
بەوتەی بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال رۆژانە 300 کەس ناوی خۆیان نوسیووە بۆ وەرگرتنی نمونەی خوێن، بەڵام 964 زانیویەتی بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی نمونەی خوێن لە هەر کەسێک زیاتر لە 40 خولەکی پێدەچێت بۆیە ژمارەیەکی کەمی کەسوکاری ئەنفالکراوان خوێنیان لێ وەرگیراوە.
هابیل ئەحمەد دەڵێت، لەچەمچەماڵ زیاد لە سێ هەزار و 400 وارسی ئەنفالکراو هەیە، بڕیارە ئەو لیژنە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە 21.2.2024 روفاتی 172 ئەنفالکراو لە چەمچەماڵ بەخاکسپێردران، کە لە ساڵی 2019ـەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە، لە پزیشکی دادی بەغدا مابوونەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی