لە رێوڕەسمێکدا
رووفاتی 172 ئەنفالکراو لە چەمچەماڵ بە خاک دەسپێردرێن
964+
توانا نەقی
ئەمڕۆ چوارشەممە، 172 رووفات کە زۆرینەیان خەڵکی ئاغجەلەر و گوندی جەلەمۆردن لە قەزای چەمچەماڵ، لە سلێمانییەوە برانەوە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزاکە، ئێستا لە رێوڕەسمێکدا بەخاک دەسپێردرێن.
ئەو 172 رووفاتە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە لە 2019ـەوە دۆزراونەتەوە و لە پزیشکی دادی بەغدا مابوونەوە، تا ئەمڕۆ کە هێنراونەتەوە و بە خاک دەسپێردرێن.
ساڵی 2019 بەهۆی بای بەهێز و زریانەوە لە دەشتاییەکانی ناوچەی بابولشێخ سەر بە پارێزگای سەماوە، ئەم رووفاتانە دەرکەوتن، کە دەسەڵاتی بەعس کۆمەڵکوژی کردبوون، ژمارەیەک لە کەسوکاریان ئەوکات چوونە سەر گۆڕەکان و داوای هێنانەوەیان کردن، بەختیار رەئوف، کە گومانی هەیە کەسوکاری لە گۆڕەکاندا بوون و 28 کەس لە بنەماڵەکەی ئەنفالن، بە 964ی وت، داوای پشکنین پێشوەختەمان کرد پێش بەخاکسپاردنیان.
رێورەسمەکە لە کاتێکدایە، لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان، دەزگای شەهیدانی عێراق، فەرمانگەی کاروباری پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق و داد پزیشکی بەغدا، بە هاوبەشی مۆنۆمێنتی ئەنفال، هەڵمەتی وەرگرتنی نموونەی خوێنیان بۆ پشکنینی DNA، لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ و گەرمیان دەستپێکردووە و تا رۆژی هەینی 23.2.2024، رۆژانە نموونەی خوێن لە 100 کەس وەردەگرن.
پێشتر، هابیل ئەحمەد بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە 964ی وت، پشکنینیDNA زیاتر بۆ ناسینەوەی کەسوکاری ئەو 172 رووفاتی مانگی پێشووە، کە لە بەغداوە هێندرانەوە بۆ سلێمانی، دەستپێکێکی گرنگیشە بۆ ئەوەی تەواوی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ پشکنینیان بۆ بکرێت.
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان رۆژی سێشەممە 20.2.2024 لە بارەی بەخاکسپاردنی رووفاتەکان بە 964ی وت، وەزارەتی شەهیدان ئاگادارە، بەڵام پڕۆسەکە خانمی یەکەمی عێراق پێی هەستاوە، بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانی و مۆنۆمێنتی ئەنفال، ئامادەکارییەکانیان بۆ رێورەسمی بەخاکسپاردن دەستپێکردووە.
بە گوێرەی قسەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و مۆنۆمێنتی ئەنفال، زۆربەی ئەو رووفاتانە ژن و منداڵن و بە پێی لێکۆڵینەوەکانیان خەڵکی سنووری چەمچەماڵن.