له‌ گوندێكی ناحیه‌ى دینارته‌

دواى بۆردومانى فڕۆکەی جەنگی چوار هاوڵاتی بێسه‌روشوێنن

964+
هیڤی دێوالی – دهۆك

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان، کە گومان دەکرێت فڕۆکەی توركیا بن، چوار هاوڵاتى گوندى کاڤیاى ناحیه‌ى دینارته‌ بێسه‌روشوێنن و به‌ قسه‌ى خه‌ڵكى سنووره‌كه‌ش ئه‌و چوار هاوڵاتییه‌ به‌ر بۆردومانه‌كه‌ كه‌وتوون.

چه‌ندین ساڵه‌ گوندى كاڤیا به‌هۆى نزیكى له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان و بوونى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ و به‌رده‌وامى بۆردومانه‌كانى توركیا چۆڵکراوە.

ئه‌م چوار هاوڵاتییه‌ به‌ مه‌به‌ستى بڕینى ره‌زه‌كانیان سه‌ردانى سنوورى ئه‌م گونده‌یان كردووه‌.

هاوڵاتییه‌كى گوندى كاڤیا بە 964ـی وت، ده‌نگۆ هه‌یه‌ کەسێک له‌و چوار هاوڵاتییه‌ گیانی لە دەستدابێت، بەڵام ده‌ڵێت “بەهۆی نەبوونی تۆڕه‌كانى مۆبایل له‌و شوێنه‌دا، نازانین ئێستا چیان بەسەرهاتووە، كه‌سێکیش ناتوانێت بچێتە شوێنى رووداوەکە لە ترسی بۆردومان”.
لای خۆیه‌وه‌، سەربەست سەبری بەڕێوه‌بەری ناحیەی دینارتە بۆ 964 پشتڕاستى كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌م ئێواره‌یه‌ بۆردومانى فڕۆكه‌ له‌ سنوورى ئه‌م گونده‌ روویداوه‌.
وتیشی “تا ئێستا نازانین زیانەکانی ئه‌م بۆردومانه‌ چی بوون “.
له‌ به‌شێك له‌ سۆشیاڵ میدیاكانى ئه‌و سنووره‌ وا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ خه‌ڵكێكى زۆر له‌ گوندى بامشمشى سنوورى دینارته‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و به‌نیازن بچنه‌ شوێنى رووداوه‌كه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هێلیکۆپتەرێکى تورکیا لە باکوورى کوردستان تێکشکا

هێلیکۆپتەرێکى تورکیا لە باکوورى کوردستان تێکشکا