حاسڵاتی ئێوارە

ئیسرائیل هێرشی نوێی ئەنجامدا و غەزەش بێ نان و ئاوە

964+

ژووری هەواڵ

رادیۆی فەرمی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: درەنگانی شەوی رابردوو ئۆپەراسیۆن لە ناوچەی زەیتون لە کەرتی غەزە دەستیپێکردووە، دوو لیوا بەشدارن و پێشبینی دەکرێت چەند هەفتەیەک بخایەنێت.

بەرپرسی راگەیاندنی یونیسێف لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: چەند هەفتەیەكه‌ هاوکاریی مرۆیی نەنێردراوەتە غەزە، ئەگەر ئەم دۆخە نەگۆڕێت کارەساتی گەورە روودەدات.

وتەبێژی رێکخراوی ئۆکسفام دەڵێت، چەندین جۆره‌ پەتا و نەخۆشی لە کەرتی غەزە بڵاوبووەتەوە، کە کۆنترۆڵکردنیان کارێکی سەختە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانیش دەڵێت: لە نەخۆشخانەی ناسر، ئاو و کارەبا نییە، هەموو شوێنێکی نەخۆشخانەکەش زبڵ و خاشاکە.

حەماس هۆشداری دەدات و دەڵێت: تەقینەوەیەک ڕوو لە سوپای ئیسرایل دەکات، ئەگەر هەوڵی سنووردارکردنی موسڵمانان بدرێت لە مانگی رەمەزان بچنە مزگەوتی ئەقسا.

نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەزە دەڵێت: ئیسرائیل لە سەرەتای کۆمەڵکوژییەوە هەوڵی بێ نان و بێ ئاوکردنی خەڵکی غەزە دەدات، ئەگەر چارەسەر نەکرێت بە سەدان هەزار ژن و منداڵ گیان لە دەست دەدەن.

لە درێژەی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، دوو کەشتی سەربازی فەرەنسی، دوو دڕۆنیان تێکشکاند، کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوون.