تا کاتێکى نادیار
مۆڵەت بـە پـرۆژەکـانـی وەبـەرهـێـنـان لـە کـەرتـی نـیـشـتـەجـێـبـوون راگـیـرا
964+
وریا فەتاح
بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، مۆڵەتپێدان بە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان لە کەرتى نیشتەجێبوون راگیرا، وتەبێژى دەستەى وەبەرهێنانیش دەڵێت: بڕیارەکە بۆ ماوەیەکى نادیارە و لە بەرژەوەندى کەمدەرامەتانە.
بە پێى ئاگادارییەک کە دەستەى وەبەرهێنان بڵاوى کردووەتەوە، بـە مـەبـەســتـی رێـکـخـسـتـنـەوەی کـەرتـی نـیـشـتـەجـێـبـوون لـە هـەرێـمـی کـوردسـتـان، بـە ئـاراسـتـەی زیـاتر سـوودمـەندبـوونـی هـاوڵاتـیـانـی کـەمـدەرامـەت و کـرێـنـشـیـن، بـە فـەرمـانـی سـەرۆکـایـەتـی ئـەنـجـوومـەنی وەزیـران، بـڕیـاردرا کـارکـردن لـە پـرۆژەی نـوێـی نـیـشـتـەجـێـبـوون رابـگـیـرێـت و مـۆڵـەتـی نـوێـی وەبـەرهـێـنان لـە کـەرتـی نـیـشـتـەجـێـبـوون نـەدرێـت.
لەبارەى بڕیارەکەوە، بەرگەشت ئاکرەیى، وتەبێژى دەستەى وەبەرهێنان قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بڕیادراوە تا کاتێکى نادیار مۆڵەتى نوێ بە پڕۆژەکانى کەرتى نیشتەجێبون بە وەبەرهێنەران نەدرێت، بڕیارەکە تەنیا بۆ کەرتى نیشتەجێبوونە و کەرتەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵى و گەشتیارى ناگرێتەوە.
بە وتەى بەرگەشت ئاکرەیى، بڕیارەکە لەوەوە سەرچاوەى گرتووە، کە پڕۆژەکانى نیشتەجێبون وەک پێویست لە خزمەت کەمدەرامەتان و کرێنشیناندا نەبوون و پێدانى مۆڵەت پەرش و بڵاوى پێوە دیار بووە، بۆیە رێکخستنەوەکە بە شێوەیەکە لە داهاتوودا کەرتەکە بۆ هەمووان وەک یەک بێت و کەمدەرامەتانیش بتوانن ببن بە خاوەنى یەکەى تایبەت بەخۆیان.
“دەمانەوێت پڕۆژەکانى وەبەرهێنان لە سەنتەرى شارەکان بگوازینەوە بۆ شارە بچووکەکان و گوندەکان و ناوچە دورە دەستەکان، ئەوەش لە بەرژەوەندى خەڵکە و گەشەسەندنى ناوچەکانە”. وتەبێژى دەستەى وەبەرهێنان واى وت.
لە رۆژى 1.8.2006ـەوە، کە یەکەم مۆڵەتى وەبەرهێنان لە کەرتى نیشتەجێبونى هەرێم دراوە، تا ئەمڕۆ 213 پڕۆژەى وەبەرهێنان لە کەرتى نیشتەجێبوون مۆڵەتى پێدراوە و زۆرینەیان تەواو بوون و بەشێکیان لە ژێر کارکردندان.
لە بارەى بڕیارى نوێ بۆ پێدانى قیستەکان، وتەبێژى دەستەى وەبەرهێنان وتى، “چاوەڕێى رێنمایى نوێى حکومەتى عێراق و بانکى ناوەندین، کە دۆلار بە چەند جێگیر دەکات بۆ ئەو بابەتە، بۆیە هەر کاتێک رێنمایى نوێ هات بەپێى ئەوە بڕیار دەدەین، بەڵام ئێمە وەک دەستە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەبەرهێنەران کردووە و داوامان لێکردوون نرخى دۆلار لە ئاستێکدا جێگیر بکەن بۆ وەرگرتنى قیستەکان کە رەچاوى هاوڵاتیان و دۆخى داراییان بکرێت”.
قەبارەى کەرتى نیشتەجێبون لە پڕۆژەکانى وەبەرهێناندا لە هەرێمى کوردستان، 20 ملیار و 129 ملیۆن و 432 هەزاۆ دۆلارە.