45 ناوەندى تەندروستیى ناحکومى داخراون
“بڕوانامەى نەبووە و نۆرینگەى پزیشکى ددانى داناوە”
964+
وریا فەتاح
لە ساڵى رابردوودا، لیژنەى پشکنین و بە دواداچوون لە تەندروستى راپەڕین، 45 ناوەندى تەندروستى کەرتى تەندروستى ناحکومیان داخستووە، کە شوێن هەبووە نۆرینگەى ددان بووە، بەڵام بڕوانامەى پزیشکى نەبووە.
تەها محەمەد، وتەبێژى تەندروستیى راپەڕین بە 964ـى وت، “ئەو 45 شوێنە لەسەر کۆمەڵێک بابەتى جۆراوجۆر داخراون، زۆرینەیان پەیوەندیان بەوەوە هەبووە لە دەرەوەى دەسەڵاتى رێگەپێدراودا دەرمانى زیاتریان فرۆشتووە و شوێنیش هەبووە دەرمانى رێگەپێنەدراوى فرۆشتووە”.
ئاشکراشى کرد، شوێن هەبووە نۆرینگەى ددان بووە، بەڵام بڕوانامەى پزیشکى نەبووە، بۆیە وەک وتەبێژى تەندروستى دەڵێت: رووبەڕووى دادگا کراوەتەوە و شوێنەکەشى بەیەکجارى داخراوە.
هەر لە بەدواداچوونەکانى لیژنەکانى تەندروستیى راپەڕین، لە 2023دا، 73 نۆرینگە و ناوەندى تەندروستیی ناحکومى غەرامەکراون، کە زۆربەیان بەهۆى کەمتەرخەمى و پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە بووە.
لە ئامارەکانى تەندروستیى راپەڕیندا دەردەکەوێت، هەر لەو ساڵەدا 231 شوێن ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە و چاودێریش دەکرێن، ئەگەر بێت و پابەند نەبن، سزا دەدرێن.