مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی رزگاری - وێنە: 964
بۆ رووبەڕووبونەوەی تای خوێنبەربوون
لە گەرمیان نزیکەی 600 هەزار سەر ئاژەڵ شۆردراون
ژووری هەواڵ
بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، هۆبەی تەندروستی ئاژەڵ لە ئیدارەی گەرمیان نزیکەی 10 هەزار گەوڕی ئاژەڵی دەرمانڕێژکردووە و نزیکەی 600 هەزار سەر مەڕ و بزنی شۆردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19.2.2024، د.عوسمان جەمال، بەڕێوبەری ڤێتێرنەری گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵدا دوو هەزار و 425 ئاژەڵدار سوودمەند بوون لە شۆردنەوەی مەڕ و بزنەکانیان.
“ئەم دەرمانرێژکردن و شۆردنەوەیە بەتەواوەتی رێگری دەکات لە مشەخۆری دەرەکی وەک، مێش، گەنە و کەڕوو… رێگریش دەبێت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون”، د.عوسمان جەمال وای وت.
حەوت تیمی هۆبەی تەندروستی ئاژەڵ لە گەرمیان هەڵمەتەکەیان ئەنجامداوە و کۆی گشتی ئەو مەڕ و بزنانەی شۆردنەوەیان بۆ کراوە 571 هەزار و 368 دانە بوون کە بە هەشت هەزار و 225 لیتر دەرمانی دەلتامسرینی دژە تای خوێنبەربوون شۆردراون.
بەوتەی بەڕێوبەری ڤێتێرنەری گەرمیان تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە ئیدارەکە تۆمارنەکراوە و تیمەکان لەکاتی پشکنین درکیان بە هیچ حاڵەتێک نەکردووە.