لە پیرەمەگروون
دوو کەس لەسەر زیادەڕەوی و بیرهەڵکەندن دەستگیرکران
964+
ژووری هەواڵ
لە سنووری ناحیەی پیرەمەگروون، دوو هاوڵاتی لەسەر زیادەڕەوی و هەڵکەندنی بیر بەشێوەی نایاسایی، دەستگیر کران.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18.2.2024، هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، مەفرەزەیەک کە دەرچوون بۆ سنووری گوندی حەسەن تەپە، دوو هاوڵاتیان دۆزیوەتەوە کە سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرن لەسەر زەویەک و دەستگیریان کردوون.
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان خاوەنی ئامێری بیرهەڵکەندنەکەیە و ئەوەی دیکەیان خاوەنی زەوییەکەیە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پیرەمەگروون دەستیان گرتووە بەسەر یەک ئامێری بیرهەڵکەندن لە جۆری بەرینەی کارەبایی و تراکتۆرێک، چوار بۆری و یەک دەمە بەرینەی هەڵکەندن.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی داوە، لە ماوەی هەشت مانگی ساڵی رابردوودا 51 هاوڵاتی لەسەر لێدانی بیر دەستگیر کراون.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە بێت وەزارەتی کشتوکاڵ لە بارەی چالاکییەکانی چوار ساڵەی وەزارەتەکەیان رایانگەیاندووە، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان تا مانگی 12ی ساڵی 2022 ژمارەی ئەو بیرانەی بێ مۆڵەت لێدراون، گەیشتووەتە 28 هەزار و 410 بیر، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 20 هەزاری لە پارێزگای سلێمانییە.