دانیشتووانەکەى بێ ئاو دەبن؟

پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قەڵادزێ وەستا

964+

محەمەد عەلى- قەڵادزێ

دواى ئەوەى بەهۆى بارانبارین و بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى زێى بچووک، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ لێڵ و قوڕاو بوو، بۆ ئەمڕۆ پڕۆژەکە وەستاو کارى پێناکرێت.

مارف مەحمود، سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاس لە قەڵادزێ بە 964ى وت،”رێژەى لێڵبوون و قوڕاوبوونى ئاوى زێى بچووک، کە سەرچاوەى ئاوى پڕۆژەکەیە لە سەرووى دوو (ئێن تى یو)وەیە، بۆیە پڕۆژەکەمان وەستاندووە و ئەمڕۆ کارى پێناکەین، لەبەر ئەوە بە باشمان نەزانى ئاوەکە بخەینە حەوزەکان و بیپاڵێوین، چونکە هەم پاڵاوتنى قورس بوو، هەم ئەو ئاوە ستانداردەمان دەست نەدەکەوت، کە بیدەین بە خەڵک، لەبەر ئەوە پڕۆژەکەمان راگرت”.

ئێن تى یو، یەکەى پێوانەى ئاستى لێڵى و قوڕاوى ئاوە، وەک ئەوەى سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاس روونى کردەوە، لە کاتى پێویستدا ئەگەر ئاستى لێڵى ئاو بگات 700 بۆ 800 پلەش کارى پێدەکەن، لە کاتێکدا لە حاڵەتى ئاسایى دەبێت لە خوار 500 پلەوە بێت.

هەرچەندە دوێنێ لە رێگەى سەرچاوەى ئاوى هەڵشۆ و ئەو ئاوە کۆگاکراوەى لە کۆگاکانى پڕۆژەکەدا هەبووە، ئاو دراوە بە بەشێک لە ماڵەکانى قەڵادێ و بەشێکى زۆرى ماڵەکانیش بێ ئاو بوون، بەڵام سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە دەڵێت: ئەمڕۆ رێژەیەکى باش ئاوى پاڵاوتووى پاکمان ئامادەیە بۆ دابەشکردن و بەسەر ئەو ماڵانەیدا دابەش دەکەین کە دوێنێ ئاویان بۆ نەچووە.

پڕۆژەى ئاوى خاس، چوار حەوزى هەیە، کە دواى پاڵاوتنى ئاوەکە ئاوى ئامادەکراو بۆ دابەشکردنیان تێدایە، دوو حەوز لە ناو پڕۆژەى ئاوى خاسدایە و دوو پڕۆژەکەى دیکە لە پشتى قەڵادزێن و هەر حەوزیک 10 ملیۆن لیتر ئاو لەخۆ دەگرێت.

“لە وەرزى زستاندا، دانیشتووانى قەڵادزێ رۆژانە پێویستیان بە 20 ملیۆن لیتر ئاو هەیە و لە وەرزى هاویندا خواستەکە بۆ سەرووى 30 ملیۆن لیتر بەرز دەبێتەوە سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاسى قەڵادزێ واى بە 964 وت”.

پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی 90 هەزار ماڵ لەکار کەوت

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی 90 هەزار ماڵ لەکار کەوت