گەیشتووەتە ئاستی ساڵی رابردوو؟
ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 70 سانتیمەتر زیادی کردووە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
بەنداوی دوکان لەو شەپۆلە بارانەی دوو رۆژی رابردوو ئاوێکی باش زیادی کردووە، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، زیادکردنی ئاوەکەی 70 سانتیمەترە.
دوو رۆژە شەپۆلێکی چڕی باران ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی گرتووەتەوە، لە سنووری بەنداوی دووکان تا ئێستا 342 ملم باران باریوە و 45 ملیمیان هی دوو رۆژی رابردووە.
سەلام نەجم، لە لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی بەنداوی دوکان بۆ 964 وتی، “بەهۆی بارانبارینی دوو رۆژی رابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەکە 70 سانتمەتر زیادی کردووە، بەڵام لەگەڵ ساڵی پار ئەمکاتە هێشتا بەنداوەکە 60 سانتیمەتر کەمترە”.
وتیشی، “ئێستا زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکە هەیە و خۆی حەوت ملیار مەتر سێجا دەگرێت”.
رۆژانە لە چرکەیەکدا 70 مەتر ئاو بەردەدرێتەوە بۆ خوارووی بەنداوەکە لەم وەرزەدا تەنیا یەک وەحدەی وێستگەی کارۆئاوی لە بەنداوەکە ئیش دەکات.
لەدوو روژی رابردوودا شەپۆلێکی باران بارین روی لەهەرێمی کوردستان کردووە باران بارینیش کاریگەری راستەوخۆی هەیە بۆ سەر رێژیی ئاو لەبەنداوەکان.
بەنداوی دوکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و دەکەوێتە قەزای دوکان، ساڵی 1954 دەست بەدروستکردنی کراوە و ساڵی 1959 تەواو بووە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد