گەشتوگوزارى سۆران وادەڵێت
“ئەم چەند رۆژە مەچن بۆ ناوچە گەشتیارییەکانى سۆران”
964+
وریا فەتاح
گەشتوگوزارى سۆران هۆشدارى بە کۆمپانیا گەشتیارییەکان و گەشتیاران دەدات کە تا ئاسایى بوونەوەى دۆخى کەشووهەوا، نەچنە ناوچە گەشتیارییەکانى سنورى سۆران، بەتایبەتیش چیاى حەسەن بەگ و برادۆست.
دواى گەڕاندنەوەى ژمارەیەک پاسى گەشتیارى کە ویستبوویان بچنە ناوچە گەشتیارییەکانى سۆران، فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەرى گشتى گەشتوگوزارى سۆران قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لە دوانیوەڕۆوە بە تەواوەتى رێگەکەمان داخستووە و رێگە نادەین گەشتیاران بچنە ناوچە گەشتیارییەکان بەتایبەت چیاى حەسەن بەگ و برادۆست”.
بەوتەى گەشتوگوزارى سۆران، بەهۆى باران و هەورە تریشقە مەترسى لەسەر گەشتیاران دروست بووە، بۆیە لەبەر سەلامەتى خۆیان و تا ئاسایى بوونەوەى رەوشى کەشووهەوا، رێگە بە گەشتیاران نادرێت بچنە ئەو شوێنانە.
“هۆشدارى دراوە بە هەموو کۆمپانیا و نوسینگەکانى گەشتیارى هەتا رەوشى کەشووهەوا بەمشێوەیە بێت، گەشتیاران نەهێنن بۆ ناوچە گەشتیارییە سەختەکان”، بەڕێوەبەرى گشتى گەشتوگوزارى سۆران واى بە 964 وت.
فەیسەڵ سادق دەشڵێت: داوا لە گەشتیاران دەکەم خۆیان لەو جێگایانە بەدوور بگرن کە مەترسى دروستبوونى لافاوى لێدەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لەسەرەتاى ئەم مانگەدا بەهۆى بارینى بەفر، ژمارەیەکى زۆرى گەشتیاران لە چیاى حەسەن بەگ گیریان خوارد.