گوایە "سوکایەتى بە خومەینى کردووە"
خاڵى ژینا ئەمینى زیاتر لە 5 ساڵ زیندانى بۆ بڕایەوە
964+
وریا فەتاح
بەتۆمەتى دژایەتى ئاسایشى نیشتمانى و سوکایەتى بە خومەینى، خاڵى ژینا ئەمینى، لەلایەن دەسەڵاتى دادوەرى ئێرانەوە، زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانى بۆ بڕایەوە.
رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە، سەفا عائیلی، خاڵى ژینا ئەمینی کە لە رۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینى، لە شاری سەقز دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای زیندانیکردنى بۆ دەرچووە.
بەپێى زانیارییەکانى هەنگاو، لەڕۆژانی رابردوودا سەفا عائیلی تەمەن 30 ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی” سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک رۆژ زیندانیکردنى بەسەردا سەپا، هەروەها بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای حەوت مانگ و 16 رۆژ زیندانیکردنى بەسەردا سەپا، بە تۆمەتى “بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی”ش، سزای 15 مانگ و 1 رۆژ زیندانیکردنى بەسەردا سەپاوە، بە کۆى گشتیش 5 ساڵ و 4 مانگ و 17 رۆژ، سزاى زیندانى کردنەکەیەتى.
ژینا ئەمینى، لە 22.7.2000 لە شارى سەقزى رۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە، رۆژى 13ى ئەیلول لە نزیک وێستگەى میترۆى “شەهید حەقانى”ى لە شارى تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە بە تۆمەتى حیجاب نەکرد دەستبەسەرکرا و بەوتەى کەسوکارى رووبەڕووى ئەشکەنجەدان کراوەتەوە و بەوهۆیەوە دوو کاتژمێر دوای دەستبەسەربوون چووە حاڵەتى کۆماوە و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەى کەسراى تاران، تا لە رۆژى 16ى ئەیلولى 2022، کۆچیى دوایى کرد.