بەمزوانەش 70 تابلۆی خۆی نمایش دەکات
هونەرمەندێکی شێوەکار: دژی ئەوەم شێوەکاری بازرگانی پێوە بکرێت
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
هونەرمەندی شێوەکاری ناسراو محەمەد فەتاح، چەند پرۆژەیەکی گەورەی بەدەستەوەیە و بەمزوانەش 70 تابلۆی خۆی نمایش دەکات، بەڵام رەتیدەکاتەوە فرۆشتنی تابلۆکان لە رێگای ئۆنلاینەوە هونەری شێوەکاری بێت.
بۆ مانگی چواری ئەمساڵ محەمەد فەتاح بە نیازە بیستەمین پێشانگای خۆی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفال بکاتەوە، کە تێیدا 70 تابلۆ نمایش دەکرێت، سەبارەت بە کارەکانی تایبەت بە 964 وتی، “تابلۆکان نوێن و تا ئێستا نمایش نەکراون، بەڵام لەهەمانکاتدا بەشداریم کردووە لە فێستیڤاڵێکی جیهانی لە مالیزیا و کاروانەکەشم بەردەوام دەبێت”
ئێستا بەشێکی زۆر لە پەیجی ئۆنلاین دروست بوون لەلایەن گەنجانەوە، کە تابلۆ دەکێشن و دەیفرۆشن و بازرگانی پێودەکرێت، بەڵام محەمەد فەتاح بە تەواوی دژی ئەوەیە ئەم کارە هونەری شێوەکاری بێت و دەڵێت، ئاساییە لە رێگای کارەکەیەوە پارە پەیدا بکات، بەڵام با هونەرێکی جوانیش بنەخشێنێت و لەگەڵ هونەرمەندانی جیهان کێبرکێ بکات و ببێتە قوتابخانەیەک.
محەمەد فەتاح لەدایکبووی 1965 سلێمانیە، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و زانکۆی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە، خاوەنی زیاتر لە پێنج پێشانگای تایبەت بە خۆیەتی و بەشداری زیاتر لە 180 پێشانگای کوردستان و جیهانی کردووە وەک ئەڵمانیا و نەمسا و کەنەدا و ژاپۆن و میسر.. زۆری تر و خاوەنی زیاتر لە 12 خەڵاتی هونەرییە.
پێداچوونەوەی : پەری ساڵح