تیمەکان لە شوێنی رووداوەکەن
بارهەڵگرێک کارەبای قەزایەک و دوو ناحیەی بڕیوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
ئێوارەی ئەمڕۆ بارهەڵگرێک لەسەر رێگای دوکان بۆ خەلەکان خۆی کێشاوە بە ستوونێکی کارەبادا، بەهۆیەوە شۆفێرەکەی بەسەختی بریندار بووە و کارەبای هەردوو ناحیەی خدران و خەلەکانی بڕیوە.
کۆسرەت عەبدوڵا، لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی دوکان بۆ 964 وتی، بارهەڵگرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و بەهۆیەوە خۆی بەستونێکی کارەبا کێشاوە، شۆفێری بارهەڵگرەکە بەسەختی بریندار بووە، بۆ چارەسەرکردن رەوانەی بەشی فریاکەوتن کراوە لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.
تیمەکانی هاتوچۆ لە ناوچەکەن و دەیانەوێت بە یارمەتی تیمە خزمەتگوزارییەکان ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکە لە ستونی کارەباکە دووربخەنەوە، عەلادین حەسەن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دوکان ئەوەی بە 964ی وت، رووداوەکە بووە بەهۆی شەداون لەوێستگەی 132 دوکان و محاویلەیەکی خستووە، دوای هەوڵێکی زۆر کارەبای دوکان و دەوروبەری مان گەڕاندەوە.
ئەوەشی وت، بەڵام بەهۆی پچڕانی فیدەری چواری خەلەکان کە کارەبای هەردوو ناحیەی خدران و خەلەکان دەگوازێتەوە، تا بارهەڵگرەکە لەشوێنی روداوەکە لانەبەین کارمەندەکانمان ناتوانن هێڵەکە چاک بکەینەوە و کارەبای هەردوو ناحیەکە بگەڕێنینەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا