باسی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیە

کۆمەڵەیەکی خانووبەرە داوای هەڵوەشاندنەوەی رێنماییەک دەکات

964+

پێشەوا محەمەد

کۆمەڵەی نێوەندگیری و راوێژکاریی خانووبەرە داوا دەکات رێنمایی دانانی پارە لە بانک لە کاتی کڕینی خانوودا هەڵبووەشێتەوە.

رێنماییەکە هی حکومەتی عێراقییە و لە هەرێمیش جێبەجێ دەکرێت، لە رێنماییەکەدا هاتووە؛ “هەر خانووێک بە زیاتر لە 500 ملیۆن دینار فرۆشرا پێویستە پارەکەی لە بانک دابندرێت و بە پسوڵە ببرێتە کۆمپانیاکانی عەقارات”.

کۆمەڵەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کردووە، ئەو رێنماییە بازاری کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی لە هەرێم بەرەو سستی بردووە.

حکومەتی عێراق ئەو بڕیارەی بۆ رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە دەکرد لە رێگەی کەرتی خانووبەرەوە.

بۆ ئەو مەبەستە، کۆمەڵەی نێوەندگیری و راوێژکاریی خانووبەرە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری خانووبەرەی هەرێمیان کردووە.

“بەرێوبەری گشتیی تۆماری خانووبەرە بڕیاری دا بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە بکات و هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ، لە ئەنجام دا بەڕێزیان نووسراوێکیان بەرزکردەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و باسی خراپیی رێنماییەکەی خستەڕوو”‘، لە راگەیەندراوی کۆمەڵەکەدا وا نووسراوە.

کۆمەڵەی نێوەندگیری و راوێژکاریی خانووبەرە لە شاری هەولێرە و کۆتا مانگی سڵی رابردوو مۆڵەتیان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە پێدرا.

خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرە: لە سێ مانگدا یەک مامەڵە ...

خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرە: لە سێ مانگدا یەک مامەڵە دەکەین