هەواڵی زیاتر

هەشت کەس لە بەفری سۆران رزگار کران و سێ گەنجیش دەستگیر کران

964+

ژووری هەواڵ

لە دوێنێوە هەشت هاوڵاتی قەزای سۆران بۆ گەشتی ناو بەفر چوونەتە گوندی بۆڵی لە قەزای سیدەکان، بەڵام بەفر رێگاکەی لێ داخستوون و خواردنیان پێ نەماوە، تیمێکی بەرگری شارستانی سۆران ئەم ئێوارەیە بە خواردن و تەواوی پێویستیەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و دوای چەند کاتژمێرێک رزگار کران.

رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، لەو ناوچەیە نزیکەی نیو مەتر بەفر باریووە، تیمی بەرگری شارستانی دوای چەند کاتژمێرێک توانیان ئەو هەشت کەسە رزگار بکەن.

پۆلیسی ئاکرێ سێ گەنجیان دەستگیرکردووە لەسەر گاڵتەکردن و هەڕەشە کردن بە کچان.

عیماد حسێن، وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، دوو لەوانەی دەستگیرکراون خەڵکی دەرەوەی ئاکرێن، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەیان لە کچێک کردووە، پۆلیس چاودێری ئەو دوو گەنجەیان کردووە و لە ئاکرێ دەستگیرکراون.

یەکێکی تر لەو گەنجانە لەبەردەم قوتابخانەیەکی کچان گاڵتە و بێ رێزی بە مامۆستا و قوتابیان کردووە، دوو قوتابی چونەتە لای پۆلیس و سکاڵایان کردووە پۆلیسی ئاکرێ ئەو کەسەشیان دەستگیرکردووە.

لە ئاکرێوە بۆ کۆیە….

چەندین ساڵە دانیشتوانی کۆیە داوای چاککردنی شەقامە پڕ چاڵوچۆڵەکەی دوو سایدی هەنارە دەکەن، بەڵام ساڵ دوای ساڵ رێگاکە چاڵی گەورەتری لێ دروست دەبێت و شارەوانیش دەڵێت بودجە نییە بۆ چاککردنی.

محەمەد میرحاج سەرۆکی شارەوانی کۆیە، بە 964ی وت، سەرەتای دروستکردنی رێگاکە بەخراپی دروست کراوە، پێویستە سەر لە نوێ دروستبکرێتەوە و سێ ملیار دیناری پێویستە.

شەقامی دوو سایدی هەنارە درێژیەکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، رێگای سەرەکی کۆیە بۆ هەولێرە و چەند فەمانگەیەکیش دەکەونە سەر ئەو شەقامە، ساڵی 2009 دروستکراوە، بەڵام ساڵێک دوای دروستکردنی تێکچوو.