کارگەیەکی بۆیاخ. فۆتۆ سۆشیاڵ میدیا
دادگا بڕیاریداوە
کارگەیەکی بۆیاخ لە هەولێر بە هەشت ملیۆن دینار سزا درا
964+
ژووری هەواڵ
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سکاڵای لەدژی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی بۆیاخ تۆمارکردووە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە ژینگەییەکان، دادگای کەتنی پێنجی هەولێر بڕیاریداوە کارگەکە سزا بدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 5.2.2024، ئەحمەد محەمەد، بڕیاردەری ئەنجومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی کوردستان بە 964ی راگەیاند، سەرەڕای چەندین جار ئاگادارکردنەوە، بەڵام کارگەکە پابەند نەبووە بە دانانی چاودێری ژینگەیی بۆ پرۆژەکانی.
“خاوەن کارگە ناچارکرا کە له ماوەی یەک مانگدا سەردانی فەرمانگەی ژینگە بکات بۆ دانی بڕی هەشت میۆن دینار سزا و پابەندبوون بە دانانی چاودێری ژینگەیی”، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر وا دەڵێت.
بە وتەی ئەحمەد محەمەد، ئەو چاودێرانەی کە لە پرۆژەکان دادەنرێن، دەرچووانی بەشەکانی ژینگەن و بەگوێرەی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2022 دادەمەزرێن.
لە بەرامبەر مەترسیەکانی پیسبوونی ژینگە و رێگریکردن لە کارگەکانی کەرتی تایبەت بۆ پیسکردنی ژینگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەن کارگەکان ناچار دەکات کە چاودێری ژینگەیی دابمەزرێنن کە لەلایەن فەرمانگەکانی ژینگە و لە دەرچوانی ژینگە و پەیمانگای تەکنکییەکان دیاریدەکرێن تا خاوەن کارگەکان ناچاربکرێن لە رێگەی پرۆژەکانیانەوە ژینگە پیس نەکەن و چاودێری وردبکرێن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، کارگەکە پێشتریش بە هەمان هۆکار سزای داریی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام هەر پابەند نەبووە.