بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دوکان _ وێنە:964
لە کۆبوونەوەن
بەهۆی ئەوەی بایکۆتیان کردووە مامۆستایانی پیرەمەگرون موچەیان راگیرا
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
چەند مامۆستایەک لە ناحیەی پیرەمەگرون دەڵێن، بەهۆی ئەوەی بایکۆتی دەوامیان کردووە موچەیان پێنەدراوە، بەڕێوەبەرێک دەڵێت لەگەڵ پەروردەی دوکان لە کۆبوونەوەن بۆ وەرگرتنی چەکی بانکی.
بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی دایناوە، ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی پەروەردە موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ وەردەگرن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دوکان لەرێگەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکانەوە هۆشداری داوە بە مامۆستایان تا دەوام نەکەن موچە وەرناگرن.
مامۆستای یەکێک لەقوتابخانە بنەڕەتیەکانی ناحیەی پیرەمەگرون کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ی راگەیاند، “یاریدەدەری قوتابخانەکەمان لەرێگەی گروپ چاتی قوتابخانەکەمانەوە پێی راگەیاندین، لەپەروەردەی دوکان پێیان وتون تادەست بەدەوام نەکەنەوە موچەتان پێنادەین”.
964 پەیوەندیکردووە بەچەند بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی پیرەمەگروون ئەوان نەیانویست ناویان بهێنین بە 964یان وت، “سەرەتا چەکی موچەیان پێنەداین بەهۆی ئەوەی قوتابخانەکانمان نەکردووەتەوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەدە لە کۆبونەوەداین بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ پێدانی چەکی موچەی مامۆستایانی قوتابخانەکان”.
بۆ سەروسۆراغی ئەو بابەتە 964 پەیوەندی بە مهاباد مستەفا بەڕێوەبەری پەروەدەی دوکان کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
لە سنوری پەروەردەی دوکان 17 هەزار قوتابی و زیاتر لە هەزار و 600 مامۆستا هەیە، زیاتر لە 500 مامۆستایان وانەبێژن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی