زۆرترین رێژەی تووشبوونی شێرپەنجە لە هەولێرە

ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ترسناک هەڵکشاوە

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

بەگوێرەی ئەو ئامارە بێت وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی تووشبوونی شێرپەنجەن پترە لە نۆ هەزار کەس، کە زۆربەی ئەو رێژەیە لە پارێزگای هەولێرن.

ئامارەکان هەڵکشاون، ساڵی 2019 ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 934 نەخۆش بووە، بەڵام لەماوەی چوار ساڵدا واتا هەتا ساڵی 2023 ئەو رێژەیە بووەتە نۆ هەزار و 911 تووشبوو، جیاوازەیەکە دوو هەزار و 977 تووشبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە رۆژی جیهانی شێرپەنجەیە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەموو هەرێمی کوردستان هەڵکشاوە، ساڵی 2022 ژمارەی تووشبووان نۆ هەزار و 61 کەس بووە، بەڵام ئەو رێژەیە لەساڵی 2023 گەیشتووەتە نۆ هەزار و 911 تووشبوو، بەمەش 850 حاڵەتی تووشبوو زیادیکردووە.

زۆربەی تووشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای هەولێرن کە ژمارەیان پێنج هەزار و 456 تووشبووە ئەم رێژەیە زیاترە لە نیوەی ژمارەی تووشبووانی هەموو هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارەکە لەناو ژنان زیاتر بەڕێژەی %56.2 بەڵام %47.3ی تووشبووان پیاون.

هەر بەپێی ئامارەکە ئەوانەی تووشبووی شێرپەنجەن لە هەرێمی کوردستان زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان 51 بۆ 60 ساڵییە.

ئاماری سندوقی كۆمەك بۆ نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهان دەریدەخات،  20 ملیون تووشبووی شێەرپەنجە هەیە.