لە ناحیەی سیروان

لەکاتی هەبوونی یاری تۆپی پێ ئەگەر واژۆ کۆبکەنەوە کارەبای مۆلیدە ناکوژێتەوە

964+

فەهمی نەبی

لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی ناحیەی سیروان ئاگاداریەکی بڵاوکردوەتەوە تیایدا هاتووە، کاتێک یاریەکانی تۆپی پێ دەکەونە دەرەوەی خشتەی پێدانی کارەبای مۆلیدە واتا دوای کاتژمێر 12ی شەو، دەبێت 40 کەس لەو گەڕەکە واژۆ کۆبکەنەوە ئینجا کارەبای مۆلیدە لەکاتی یاری ناکوژێننەوە.

پشتیوان میرزا سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی ناحیەی سیروان بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، لەبەرئەوەی باری ئابوری خەڵک خراپە، ناتوانن لەبەر یاری تۆپی پێ پارەی زیادە لەسەر هاوڵاتیان هەژمار بکرێت، تەنیا ئەو کاتەی واژۆی 40 کەسیان پێ دەبێت و داواکاریەک دەهێنن بۆ لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکان لێ نوسرا بێت لەو مانگە چەند یاری دەکەوێتە دوای 12ی شەو، ئەو کاتە کارەبای مۆلیدە لەو شەوە تا دوای یاری ناکوژێتەوە.

بەوتەی سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی ناحیەی سیروان، پێدانی کارەبای زیادە پارەی زیاتر لەسەر خەڵک حساب دەبێت و بارگرانییە، بۆیە دەبێت بەداواکاری بێت.

لە ناحیەی سیروان تەنیا سێ مۆلیدەی ئەهلی هەن، بۆ مانگی رابردوو نرخی هەر ئەمپێرێکی کارەبا لەو ناحیەیە، لەنێوان هەشت هەزار و 250 دینار بۆ نۆ هەزار دینار بووە.

ناحیەی سیروان سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 11 هەزار کەس دەبێت.

کارەبای مۆلیدە لە هەڵەبجە هەرزانترین و لە هەولێر گرانت...

کارەبای مۆلیدە لە هەڵەبجە هەرزانترین و لە هەولێر گرانترینە