هاندهرانی دهۆك لهیاریگا رۆژیان كردهوه
بۆ پشتیوانی یانەکەیان ٣٦ هاندەر لە یاریگا مانەوە
میدیازان – زەید کۆچەر – دهۆک
وێنە و ڤیدیۆ – محمد سلێمان
ژمارهیهك گەنج بەدەم چالێنجی شەو مانەوە لە یاریگا چوون بۆ پشتگیری لە یانەی دهۆکو رۆژیان لەناو یاریگا کردەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ، دهۆک میوانداری نەوت دەکات.
کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی تشرینی یەکەم، لەچوارچێوەی خولی نایابی عێراق، یانەی وەرزشی دهۆک میوانداری یانەی وەرزشی نەوت دەکات.
بۆ پشتگیری یەنەکەیان، سێ گەنج لهسۆشیال میدیا چالێنجی ٢٤ کاتژمێر مانەوە لەناو یاریگای یانەی وەرزشی دهۆک راگەیاند، بەپێی ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەی تایبەت بە میدیازان گەیشتووە، تا درەنگانی شەوی رابردوو هەزاران هاندەری یانەکە لەناو یانەکە مانەوە، بەڵام بەهۆی ساردی و نەبوونی پێویستی مانەوە، جگە لە ٣٦ هاندەر، ئەوانی تر بۆ خەوتن گەڕانەوە ماڵەکانیان.
محەمەد سلێمان، یەکێک لەو گەنجانەی شەو لە یاریگا مابووەوە بە میدیازانی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ لە سێمێلەوە بەڕێکەتووین و بەدەم چالێنجەکەوە هاتین.
“١٨ کیلۆمەترم بڕیوە، شەوێکی خۆشمان لەناو یاریگا بردەسەرو تا درەنگانی شەو هەر گاڵتەوگەپمان کردووە”. محەمەد وای وت، ئەوەیشی خستەڕوو کە تەنیا ٣٦ هاندەر شەو لەیاریگا ماینەوە.
محەمەدو هاوڕێکانی، شەو لەسەر چیمەنی یاریگایەکە مانەوە بێ ئەوەی پێخەف و هیچ شتێکیان لا بێت، بەڵام زۆرینەی هاندەرانی ئامادەبووی شەو، بۆ خەوتن گەڕانەوە ماڵەکانیان.
محەمەد دەڵێ، شەو، هەروەها نانی بەیانی و نیوەڕۆشمان بە دیلیڤەری بۆ هاتووە.
بڕیارە کەمێکی تر، لەسێیەمی خولی یانە نایابەکانی عێراق یانەی دهۆکی ریزبەندی پێنجەم، رووبەڕووی یانەی نەوتی ریزبەندی حەڤدەیەم دەبێتەوە، پلیتی چوونە ژوورەوەش بۆ شوێنی تایبەتی ڤی ئای پی ٢٥ هەزارە، بۆ پلەدوو پێنج هەزارەو شوێنی ئاسایی تەنیا هەزار دینارە.