لە بارەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە

پێنتاگۆن و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێم راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

964+

ژووری هەواڵ

وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مريكا و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە رێککەوتن و هەردوولا بە خۆشحاڵییەوە دەڕواننە بەردەوامیی هەوڵەكانی چاكسازی.

بە گوێرەی راگەیەندراوێكی هاوبەشی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، به‌رپرسانى باڵاى پێنتاگۆن و هەرێمی کوردستانى عێراق، 29ـی کانوونی دووەمی 2024 کۆبوونەوەی كۆميته‌ى بەڕێوەبەری جێبەجێکاریيان بۆ پرسی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەنجام دا.

لە راگەیەندراوەک هاوبەشەکەدا هاتووە، کۆبوونەوه‌كه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ بوو كه‌ له‌ پرۆسەی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگەدا به‌ديهاتوون‌، له‌ چوارچێوه‌ى یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا كە لە ئەیلوولی ساڵی 2022 نوێکراوەتەوە.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، كۆميته‌كه‌ ئه‌و پێشکەوتنانەى خسته‌ڕوو کە بۆ چاکسازیی له‌ هێزى پێشمەرگەدا بەدەستهاتوون، هەروەها لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بۆ ساڵی داهاتوو رێککەوتن، وەک بەشێک لە پابەنديی هاوبەش و درێژخایەن بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، لەچوارچێوه‌ى وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا و بنیادنانی هێزێکی پیشەیی، كه‌ بتوانێت تێکشکاندنی یەکجاره‌كیی داعش مسۆگه‌ر بكات.

ئەوەش هاتووە، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشکەوتنی بەرچاوی لە پرسی چاکسازی لە پێکهاتەی دارایی و هێزەکاندا بەدەستهێناوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە خۆشحاڵییەوە دەڕواننە بەردەواميی هەوڵەکانی چاکسازی کە لە یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگه‌ لە ساڵی 2022دا هاتووە.

بە گوێرەی بەیاننامەكە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتگيرى لە گەلی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات، بۆ بنیادنانی عێراقێکی به‌هێز و سه‌قامگير و خاوەن سەروەری.

وەزارەتی پێشمەرگە موچەکانیان بە کارتی ئەلیکترۆنی وەرد...

وەزارەتی پێشمەرگە موچەکانیان بە کارتی ئەلیکترۆنی وەردەگرن