شارەوانی چی دەڵێت؟

پارکە تەواوکراوەکەی خانەقین نیگەرانی دروستکردووە

964+
راژان باجەڵان – خانەقین

لە گەڕەکی دارە کونارەی خانەقین پارکێک دروستکردنی تەواو بووە و دوو پارکی دیکە لە دروستکردندان، ئەو پارکەی تەواو بووە و خەڵک سەردانیان کردووە، بەڵام توانج و نیگەرانی سەردانیکەرانی لێکەوتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی پارکەکە سیمایەکی جیاوازی هەیە، سیما سەوز و گوڵ و گوڵزارەکانی زیاتر جیاوازی کردووە.

یونس خەلیل، هاوڵاتییەکی نیشتەجێی دارە کونارەیە لە خانەقین ئەو بە 964ی وت، “زۆر چاوەڕێی کردنەوەی ئەم پارکە بووین، بەڵام ئێستا کە کراوەتەوە، تەنیا گڵۆپ و کورسیی تێدایە، نە جێگەی یاریکردنی منداڵانی تێدایە نە ماركێت، بۆیە من ئەم پڕۆژەیە بە تەواونەکراوی دەبینم”.

خانەقین دەبێتە خاوەن شاری یاری و بۆنەکان

خانەقین دەبێتە خاوەن شاری یاری و بۆنەکان

هەر ئەو نیگەرانی نییە، بەڵکو عەبدولڕەحمان محەمەد بە هەمان شێوە دیمەنی پارکە تەواوکراوەکەی بە دڵ نییە وتی، “بۆ دەبەیەک ئاو پارکەکەم جێهێشت و لە جادە پەڕیمەوە، بۆیە دەبووایە لەم هەموو ماوەیە هەندێک باشتر کاری تێدا بکرایە”.

لە بارەی داواکاری ئەو هاوڵاتییانە، عەلی زوهێر سەرۆکی شارەوانی خانەقین بە 964ی وت، “بڕە پارەی تێچووی پارکەکە زیاتر لە 600 ملیۆن دینارە، هێشتا زۆر خزمەتگوزاری ماوە بۆی تەواوبکرێ وەک کوشکی فرۆشتنی شتومەک، و دانانی یاری ئەوانیش لەماوەی داهاتوودا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا