زێدەڕۆییەکانتان دووربخەنەوە

شارەوانیى کەلار حەوت رۆژ مۆڵەت دەدات بە خاوەن باخەکان

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

شارەوانیى کەلار دوا مۆڵەت دەدات بە خاوەن باخەکان، ئەوانەى باخەکانیان دەکەوێتە سایدى دووەمى شەقامی 60 مەتری “پشتێنەیی کەلار”، داوا دەکات باخەکان و پەرژینەکانیان لاببەن.

بەپێى ئاگادارییەکى شارەوانیى کەلار، باخەکانی نزیک بەرزە پردی شێخ محەمەد تاڵەبانی تا فلکەی گردەگۆزینە، بە دیوی کەلاردا، دەبێت 40 مەتر لە شەقامەکە دوور بکەونەوە.

دلێر حوسێن، بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانیی کەلار بە 964ى وت،”لە ئەمڕۆ شەممەوە، ماوەی حەوت ڕۆژ مۆڵەت دراوە بەو خاوەن باخانە، دوای ئەوە دەستدەکرێت بە کارکردن لە قۆناغی دووەمی شەقامەکە”.

“ئەو کەسانەی باخ و زەویان دەکەوێتە بەر شەقامەکە، بە پێی یاسا قەرەبوو دەکرێنەوە، بۆیە دەبێت لە ماوەى ئەو حەوت رۆژەدا 40 مەتر دووربکەونەوە”، دلێر حوسێن واى بە 964 وت.

شەقامی 60 مەتری”پشتێنەیی کەلار”درێژییەکەی نزیکەی 13.5 کیلۆمەترە، بە دوو قۆناغ کار لە ئاراستەی دووەمی دەکرێت، کارەکانی قۆناغی یەکەمی شەقامەکە نزیکەی 30% تەواو بووە، دوای لابردنی زێدەڕۆییەکان دەست بە قۆناغی دووەم دەکرێت.

پێداچوونەوە- وربا فەتاح

کاری تیمێکی

کاری تیمێکی "فریودەر" لە سنووری کەلار ئاشکرادەبێ