لە ئامادەکاریدان
عەلوەکانی کوردستان لە کۆمەڵەیەکدا کۆدەکرێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
سەندیکای عەلوەکانی کوردستان بە نیازن کۆمەڵەیەکی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، ئەو کۆمەڵەیە کاروبارەکانیان بەرەوپێشەوە دەبات.
کۆمەڵەکە ناوی بازرگانی و کشتوکاڵی دەبێت و لەژێر چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمدا لیژنەیەک لە لایەن سەندیکای عەلوەکانەوە پێکهێندراوە بۆ نووسینی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵەکە.
سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، کۆمەڵەکە هاوکاریی رێکخستنی هەناردەی بەرهەمی جوتیاران دەکات بۆ دەرەوەی کوردستان، هەروەها بەشدار دەبن لە رۆژمێری کشتوکاڵی هەرێم و بۆچوونیان دەبێت کە ئێستا ساڵانە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە ئامادە دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 عەلوە بوونیان هەیە و سەرجەمیان سەندیکایەکی تایبەت بە خۆیان هەیە.
“لەو کۆمەڵەیەدا سەرجەم عەلوەکان بە دانانی بەرنامە و پلان باشتر بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بە بازاڕکردنیان بۆ دەکرێت و ساغکردنەوە و بەرەوپێشبردنی بەرهەمی جوتیاران هەنگاوی باش دەچێتە پێشەوە”، ئەوەش قسەی سەروەر عەلییە.
سەندیکای عەلوەکان لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم کۆبوونەتەوە و رەزامەندیی دامەزراندنی کۆمەڵەکەیان وەرگرتووە.