دوو ساڵی دەوێت
خانەقین دەبێتە خاوەن شاری یاری و بۆنەکان
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
لە رێگەی وەبەرهێنەرێکەوە، لە ماوەی دوو ساڵدا و بۆ یەکەمینجار، شاری یاری، هۆڵی بۆنەکان و کۆشکی مانەوەی خێزانی لە خانەقین دروستدەکرێت.
وەبەرهێنەرەکە بۆ ماوەی 25 ساڵ، سێ یەکی داهاتی پڕۆژەکە وەردەگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.1.2024، عەلی زوهێر، بەرێوەبەری شارەوانی خانەقین بە 964ی وت، ماوەی چەند ساڵێکە ئەم زەوییە دانراوە، بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام لەم دواییەدا لە رێگەی وەبەرهێنەرێکەوە بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دینار و لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ دەکرێت.
رووبەری زەوییەکە، چوار دۆنمە کە دەگاتە 10 هەزار مەتر دووجار، سیروان حەسەن، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە پەیامنێری 964ی وتووە، پڕۆژەکە باخچەیەک، هۆڵێکی ئاهەنگ، هۆڵی یاری ئەلیکترۆنی و ژمارەیەک کوشک لە خۆدەگرێت.
لە خانەقین باخچە، هۆڵی یاری بۆ منداڵان بەردەست نییە و ئەوانەی هەیە زۆر بچووکن و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کراون، کە ئەوەش بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە کەمترە و دانیشتووانەکەی بۆ گەشتکردن دەچنە شارەکەکانی دیکەی نزیک لە خۆیان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا