تایبەتە بە گەڕانەوەیان

بەغدا چەند بڕیارێکی بۆ ئاوارەکانی کەمپەکانی هەرێم دەرکرد

964+

پێشەوا محەمەد

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، ژمارەیەک بڕیار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شوێن و ناوچەکانی خۆیان دراوە و چوار ملیۆن دیناریش دەدرێت بە هەر خێزانێک بگەڕێتەوە.

فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، لیژنەیەکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەردانی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم بکات سەبارەت بەو ئاوارانەی کەیسی یاساییان لەسەرە، هەروەها بڕیار درا لە نەینەوا و شنگال زەوی دابین بکرێت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارە گەڕاوەکان.

یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە تەرخانکردنی پارەیەک بوو بۆ شنگال لە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێنگەیشتووەکان، چونکە ئەو بوودجەیەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال داندراوە بەس نییە. بڕیاریش درا قایمقامیەتەکان لەگەڵ کەسانی عەشایەری ناوچەکانی شنگال کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکەن.

دەستەبەرکردنی ئاوارەکان لە لایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە موچە و کردنەوەی فەرمانگە پێویستەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە شنگال دوو بڕیاری تر بوون.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، هەڵمەتی میدیایی لە کەمپی ئاوارەکان لە هەرێم بکات سەبارەت بە گرنگیی داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەیان، هەروەک جەختی لە هەرچی زووە دەرهێنانی ناسنامە و کاری پێویستی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە و سەرجەم قایمقامییەتەکانیش ناچار کراون 2%ـی دامەزراندنەکان لە ئاوارەکان بن.

ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، بەغدا دەیەوێت سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخات و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و تا ئێستاش دوو کەمپی هەرێم داخراون.

سۆراغ؛ نەتەوە یەگكرتووەکان هاوکارییه‌كانى بۆ کەمپەکا...

سۆراغ؛ نەتەوە یەگكرتووەکان هاوکارییه‌كانى بۆ کەمپەکانی دهۆک راناگرێت