خاره حه‌مید هونه‌ر و ته‌له‌ڤزیۆنی جێهێشت
سه‌عیدی “تاپۆ حه‌قی چییه ” گیانی له ده‌ست دا
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
ئه‌مشه‌و له رووداوێكی هاتوچۆدا هونه‌رمه‌ندی شانۆكار و دراما له شاری هه‌ولێر “حه‌مید سابیر” گیانی له ده‌ست دا.
حه‌مید، كه خۆشه‌ویستانی به “خاره حه‌مید” ناوی ده‌به‌ن، له هه‌شتاكان له چیرۆكی ته‌مسیلی “تاپۆ حه‌قی چییه” بە رۆڵی سەعید ناوبانگی په‌یدا كرد و جگه له كاری هونه‌ری و شانۆ، له میدیاش كاری ده‌كرد و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌لی كوردستان بوو له هه‌ولێر، كه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی كه‌ناڵه‌كه له‌وێ كاری كردووه.
مه‌سعود مه‌لا هه‌مزه، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان له هه‌ولێر به 964ی راگه‌یاند، “حه‌مید سابیر ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بووه و له ماركێتێك كه‌لوپه‌لیان كڕیوه، له كاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه ئۆتۆمبێلێك به خێراییه‌كی زۆر لێی داوه و كوشتویه‌تی، هاوسه‌ره‌كه‌شی سه‌لامه‌ته”.
وتیشی، ته‌رمه‌كه‌ی براوه بۆ پزیشكی داد و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه ده‌ستیپێكردووه.