بناغەی 10 قوتابخانە دادەندرێت
هانی وەبەرهێنەران دەدرێت قوتابخانە دروست بکەن
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی وەبەرهێنان لە پلانی ئەمساڵیدا گرنگی بەوە دەدات، ئەو پڕۆژانەی بە وەبەرهێنەران دروستدەکرێن زۆرینەیاق قوتابخانە بن لە پای ئەو پڕۆژانەی پێیان دەدرێت.
بە پێی زانیارییەکانی 964، کە لە دەستەی وەبەرهێنانەوە وەریگرتووە، لە مانگی دووی ئەمساڵدا بناغەی 10 قوتابخانە لە شاری هەولێر دادەندرێت، کە لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستدەکرێن.
“ئەو قوتابخانانەی وەبەرهێنەرەکان دروستی دەکەن رادەستی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی دەکەن و دەبێتە موڵکی وەزارەتەکە و بۆ خوێندن بەکاردەهێندرێت”، ئەوە قسەی پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنانە بۆ 964.
دەشڵێت، هەماهەنگی لەنێوان دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی پەروەردە و ئەنجومەنی وەزیران هەیە تا قوتابخانەکان لە شوێن و جێگەی پێویست دروستبکرێن و بارقورسی سەر ئەو قوتابخانانە کەم بکەنەوە کە دوو دەوامیان تێدایە.
بە پێی زانیارییەکانی 964، ئەو قوتابخانانەی بە وەبەرهێنەران دروستدەکرێن بەشێکیان 18 پۆلی و بەشێکیشیان 12 پۆلی دەبن.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار قوتابخانە هەیە و بۆ ئەوەی دوو دەوامی و سێ دەوامی نەمێنێت، وەزارەتەکە پێویستی بە دروستکردنی زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە هەیە.