"رێگه‌ له‌ بارهه‌ڵگره‌كان ده‌گرین"

سبه‌ى دانیشتوانى گونده‌كانى دۆڵی جافایەتی گردده‌بنه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ سبه‌ى دووشه‌ممه‌ دانیشتوانى گونده‌كانى دۆڵى جافایه‌تى له‌به‌رانبه‌ر نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى سنووره‌كه‌یان گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن و داواكاری سه‌ره‌كیش چاككردنى كاره‌باى سنووره‌كه‌یانه‌.

له‌ كۆتایی مانگى رابردوودا دانیشتوانى ئه‌م سنووره‌‌،‌ یاداشتێكی ناڕەزایەتیان بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌ دۆخی خراپی کارەبا گونده‌كانیان كردبوو لایه‌نى په‌یوه‌ندیداریان ئاگادار كردبووه‌وه‌ له‌ چاك نه‌كردنى دۆخى كاره‌باكه‌یان هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن.

گونده‌كانى دۆڵى جافایه‌تى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى سورداشی قه‌زاى دوكانه‌، له‌ راگه‌یاندراوێكدا ده‌ڵێن، سبه‌ى له‌سه‌ر رێگاى گشتى دوكان – سلێمانى گردبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و “گردبونه‌وه‌كه‌مان هێمنانه‌ ده‌بێت و ته‌نیا رێگه‌ له‌ بارهه‌ڵگره‌كان ده‌گرین”.

دانا ره‌زا، خه‌ڵكی گوندى هۆمه‌رقه‌وم له‌و سنووره‌ به‌ 964ـى وت، رێگرى كردنمان له‌ بارهه‌ڵگره‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ده‌نگمانه‌وه‌ بێن و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكه‌ن.

هاوڕێ ره‌حمان، دانیشتووى گوندى چاڵاویش، ده‌ڵێت “به‌ڵێنیان دا كه‌ كاره‌باكه‌مان له‌ كاتژمێر 5:00ـى ئێواره‌ بۆ 5:00ـى به‌یانى به‌رده‌وام بێت به‌ڵام بۆیان جێبه‌جێ نه‌كردووین”.

وتیشی “له‌سنووره‌كه‌مان كێشه‌ى و گرفتى خراپی رێگاوبانه‌كانیشمان هه‌یه‌، به‌ڵام كاره‌با گرنگتره‌ بۆ ئێستاى سنووره‌كه‌مان”.

964 چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سورداش كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى به‌رده‌ست نه‌بوو.

گونده‌كانى دۆڵى جافایه‌تى هۆشدارى ده‌ده‌ن

گونده‌كانى دۆڵى جافایه‌تى هۆشدارى ده‌ده‌ن