لە گەرمیان

ژنێک لە کاتی شۆفێرکردنی بارهەڵگرێک کەوتەخوارەوە گیانی لەدەستدا

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی، لە فلکەی نزیک زانکۆی گەرمیان، ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر خۆی دەکێشێت بە راگری شەقامەکە و شۆفێرەکەی بەردەبێتەوە ژێر ئۆتۆمبێلەکە و گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە نزیک کاتژمێر 11 روویداوە، شۆفێرەکەی ژن بووە.

سامان عەلی، وتەبێژی ھاتووچۆی گەرمیان بە 964ى وت، “ژنەکە شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکە بووە، دوو پیاوی لەگەڵ بووە کە یەکێکیان مێردی خوشکەی بووە و ئەویتریان خوشکەزای بووە، لەکاتی رووداوەکە ژنەکە پەشۆکاوە و لە دەرگاکەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە، کەوتووەتە ژێر تایەی دواوەی بارھەڵگرەکە و گیانی لەدەستداوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی قسەی ئەوانەی لەگەڵی بوونە، بۆ میوانداری رۆیشتوون لە گوندی تازەدێ، ژنەکە تەمەنی 35 ساڵە و پیشەی مامۆستایە.

پەیامنێری 964 پەیوەندیکرد بە عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوەکرد، “لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردوە و سەیری کامێراکانی چاودێری دەکەنەوە بۆ دڵنیابونەوە لە شێوازی رووداوەکە و گیان لەدەستدانی ژنەکە”.