لیژنه‌ی ده‌سته‌ى ژینگه سه‌ردانى پڕۆژه‌یه‌كی رێگهپیچدراویان كردووه به‌مه‌به‌ستى چاودێریكردنى كاره‌كانى... وێنه: راگه‌یاندنى ده‌سته
زۆرترینیان له سلێمانى و كه‌مترینیان له هه‌ڵه‌بجه‌یه
دەستەی ژینگە ره‌زامه‌ندى به نزیكه‌ى 3000 پڕۆژه‌ى جۆراوجۆر داوه
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى ساڵى 2023 ره‌زامه‌ندیان به نزیكه‌ى سێ هه‌زار پڕۆژه‌ى جۆراوجۆر داوه و هاوكات نزیكه‌ى 30 پڕۆژه‌شیان ره‌تكردووه‌ته‌وه.
ئه‌و پڕۆژانه‌ى ده‌سته‌ى ژینگه مۆڵه‌تى پێداون بریتین له پیشه‌سازى، پیشه‌سازی خۆراك، خزمه‌تگوزارى، نیشته‌جێبوون، بازرگانى، كشتوكاڵ، ته‌ندروستى، مۆڵه‌تى راوكردن، بیری قووڵ و تاوه‌ره‌كان.
زۆرترین ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه مۆڵه‌تیان پێدراوه كه‌توونه‌ته سنوورى پارێزگاى سلێمانى كه ژماره‌یان هه‌زار و شه‌ش پڕۆژه‌یه و هاوكات زۆرترین پڕۆژه‌ى ره‌تكراوه‌ش هه‌ر له سلێمانى بووه كه 16 پڕۆژه‌ى ره‌تكراوه‌ته‌وه.
كه‌مترین پڕۆژه كه ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر كراوه له پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه بووه كه بریتی بووه له 21 پڕۆژه.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه بڵاویكردووه‌ته‌وه، بۆ هه‌ولێر 927 پڕۆژه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ردراوه، دهۆك 441 پڕۆژه ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دراوه و پێنج پڕۆژه‌شی ره‌تكراوه‌ته‌وه، بۆ گه‌رمیان 217 پڕۆژه ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دراوه و یه‌ك پڕۆژه‌ش ره‌تكراوه‌ته‌وه، بۆ ئیداره‌ى راپه‌ڕینیش 239 پرۆژه ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دراوه و حه‌وت پڕۆژه‌شی ره‌تكراوه‌ته‌وه.
كۆى ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه له ساڵى رابردوو ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داون، بریتین له دوو هه‌زار و 851 پڕۆژه و 29 پڕۆژه‌شی ره‌تكردووه‌ته‌وه.