"کار بۆ پاراستنی دەکەن"

ئه‌مریكا: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شێكی نزیكی ئێمه‌یه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە “حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە” و وڵاتەکەی بێ دوودڵی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکات.
بلینکن له‌ هەژماری خۆیدا له‌ تۆڕی X لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر پۆستێکی کردووە و وێنه‌ی دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵیدا داناوه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، دوێنێ له‌ داڤۆس له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان گفتوگۆی كردووه‌ و پێی راگه‌یاندووه‌، “حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە و وڵاتەکەی بێ دوودڵی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکات”.
دوێنێ نووسینگەی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، مه‌سرور بارزانی و بلینکن لە داڤۆس کۆبوونەتەوە و بلینکن رایگەیاندووە، “ئەمریکا و سەرۆک بایدن ئەم هێرشانە بە جدی وەردەگرن، کە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ده‌یكه‌ن”.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە: “بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشی سەر هەولێر دەکەین، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقه‌ “.
شەوی دووشەممە 15.1.2024 سوپای پاسدارانی ئێران به‌ ژماره‌یه‌ك موشه‌ك و درۆن هێرشی كرده‌ سه‌ر شاری هه‌ولێر و له‌ ئه‌نجامدا 5 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و 16 كه‌سیش بریندار بوون، دیارترین كه‌سیش كه‌ گیانی له‌ ده‌ست دا، پێشڕه‌و دزه‌یی بوو، كه‌ سه‌رمایه‌دارێكی گه‌وره‌ی كوردستانه‌ و ئێران رایگه‌یاندووه‌ ناوەندەکانی سیخوڕی و گردبوونەوەی دژە ئێرانی له‌ هه‌ولێر کردووه‌تە ئامانج.

فوئاد حوسێن: ئێران ناتوانێت هێرش بكاته‌ سه‌ر ئیسرائیل...

فوئاد حوسێن: ئێران ناتوانێت هێرش بكاته‌ سه‌ر ئیسرائیل و په‌لاماری هه‌ولێر ده‌دات