تەندروستی سلێمانی وا دەڵێت
پشیلەی نەکوتراو دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی هۆشداریدەداتە ئەو خانمانەی کە لەماوەی دووگیانیدا پشیلە بەخێودەکەن و دەڵێت، ئەگەر پشیلە نەکوترێت دەبێتە هۆی لەبارچوون و چەندین نەخۆشی دیکەی کۆرپە.
نەخۆشی پشیلە کە ناوە زانستییەکەی “تۆکسۆپلازما”ـیە و جۆرێکە لە مشەخۆر، توشی خانمانی دووگیان دەبێت لەرێگەی بەرکەوتن بە پیسایی پشیلە یان لە رێگەی ئاو و خواردنی پیسبوو یان دەست لێدانی شتی پیسبوو بە هێلکەی ئەم مشەخۆرە.
بەگوێرەی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی کە لە پزیشکێکی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی وەرگرتووە، لەکاتی توشبوون بە نەخۆشی پشیلە، نەخۆش هەست بە مادوێتی دەکات و تا و هەڵئاوسانی لیمفە گرێکان دەبێت، هەروەها دەشکرێت نەخۆش بێ نیشانە بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.1.2024، د.کەژان کاوە، دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی بە 964ـی راگەیاند، هەموو پشیلەیەک ئەو جۆرە مشەخۆرەی نییە، دەکرێت لەرێگەی کوتان نەخۆشیی پشیلەکە چارەسەر بکرێت.
“بۆ ئەو خانمانەی کە بەرگرییان لە دژی نەبێت ئەگەر ماوەیەکی کەم پێش دووگیانبوون یان لەماوەی دووگیانبوون توشی ببن ئەگوازرێتەوە بۆ کۆرپە، ئەگەر لەسەرەتای دووگیانیا بێت کاریگەری خراپتری ئەبێت لەسەر کۆرپە بە بەراورد بە کۆتایی دووگیانی”، د. کەژان کاوە، دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی وا دەڵێت.
توشبوون بە نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی؛ لەبارچوون، لەکبوونی پێشوەختە، کێشی کەمی کۆرپە، زەردوویی، ناتەواوی تۆڕەی چاو، دواکەوتنی گەشەی مێشک و قەبارەی نائاسایی سەر.
رێگاکانی خۆپارێزی:
– دووربکەوە لە بەرکەوتن بە پیسایی پشیلە.
– پشیلەکەت دووربخەوە لەو شوێنانەی خواردنی تیادا ئامادە دەکرێت.
– دڵنیاببەوە لەوەی ئەو گۆشتەی ئەیخۆیت زۆر بەباشی کوڵابێت.
– ئەگەر وا پێویستی کرد لە دەرەوە خواردن بخۆیت ئەوا ئەو جۆری گۆشتانە بخۆ کە باش کوڵێنرابن.
– شۆردنەوەی دەست بەباشی دوای بەرکەوتن بە پشیلە.