بۆ پاڵەوانیەتییەکانی ئاسیا
راهێنەری باسکەی زاخۆ بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بڕیاردرا راهێنەری باسکەی زاخۆ بۆ پاڵەوانیەتییەکانی ئاسیا ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی باسکەی عێراق وەربگرێت.
ئەمڕۆ شەممە 13.1.2024 فیدراسیۆنی باسکەی عێراق “میلان نیسیج”ی راهێنەری باسکەی زاخۆی بانگهێشت کردووە بۆئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی باسکەی عێراق وەربگرێت.
بەوتەی ئەندامانی دەستەی کارگێری باسکەی زاخۆ، گرێبەستی راهێنەرەکەیان بۆماوەی مانگ و نیوێکە، قۆناغی دواتر ئەوەیە گرێبەستەکەی بۆ دەکرێت بە دوو ساڵ.
جوتیار عەلی، یاریدەدەری راهێنەری باسکەی زاخۆ بە 964ی وت، ئاستە باشەکەی راهێنەری یانەکەمان هۆکار بووە بۆ بانگهێشتکردنی، چونکە لەم دوو ساڵەی رابردوو توانی بۆ یانەی باسکەی زاخۆ ئاستێکی زۆرباش دروست بکات.
جگە لەو راهێنەرە دوو یاریزانی دیکەی یانەی باسکەی زاخۆ بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون.
موراد عەلی، یەکێکە لەو یاریزانە بانگهێشتکراوانەی یانەی باسکەی زاخۆ بۆ هەڵبژاردەی عێراق بە 964ی وت، راهێنەری زاخۆ خاوەن ئەزموونێکی بەهێزە و هەوڵدەدەین ئاستێکی باش لە پاڵەوانیەتیەکە پێشکەش بکەین.
باسکەی زاخۆ بەسەرپەرشتی میلان نیسیج لە وەرزی رابردووی خولی نایابی باسکەی عیراق، توانی بگەنە چوارگوشەی زێرین و دواتر پلەی سێیەمیان لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا.