یەک مانگ بەردەوام دەبێت
ئاژەڵەکانتان بکوتن تا تووش نەبوون
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
لەئەمڕۆوە هەڵمەتی کوتانی ئاژەڵی گەورە و وردە لە قەزای ماوەت دەستپێدەکات، هۆبەی ڤێتێرنەری قەزاکە داوا لە ئاژەڵداران دەکات پەیوەندیان پێوە بکەن.
د.مەریوان عیزەت ساڵح لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرنەری ماوەت بە 964ی وت، ساڵانە بەپێی خشتەی وەزارەتی کشتوکاڵ شەش مانگ جارێک هەڵمەتی کوتانی ئاژەڵ هەیە، بۆ هەریەکە لە نەخۆشیەکانی تەبەق، تاعون و دانکە.
باسی لەوەشکرد، هەڵمەتی کوتانی ئاژەڵ بەردەوام دەکرێت، مەبەستی لێی بڵاوبونەوەی نەخۆشی نییە، تەنیا بۆ ئەوەیە ئاژەڵەکان توشی نەخۆشی نەبن.
لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرنەری ماوەت ئەوەشی وت، لەو ساڵانەی ڤاکسین دابین نەکراوە لەلایەن حکومەتەوە، تێچویەکی زۆر لەسەر هاوڵاتی وەستاوە و ئەو هاوڵاتیانەی نەیانکردوە بوەتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی و زیانێکی زۆری گەیاندووە.
هۆبەی ڤێتێرنەری ماوەت بڕیاریداوە هەڵمەتەکە بۆماوەی مانگێک بەردەوامی پێ بدات، لە رۆژی 14.1 تاوەکو 14.2 دەبێت، بەوتەی د.مەریوان عیزەت ئەگەری هەیە هەڵمەتەکە درێژ بکرێتەوە، لەو ڤێرتەرنەریە بەشی سێ هەزار رەشە وڵاخ ڤاکسین و نزیکەی پێنج هەزار ئاژەڵی وردە ڤاکسین دابین دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی ڤێرتەرنەری دەڵێت، “نەخۆشی تەبەق لە ناوچەی شارباژێڕدا زۆرە گەر کوتان بە ئەنجام نەگەیەندرێت، بەڵام ئەو نەخۆشیە کاریگەری نییە لەسەر مرۆڤ لە کاتی خواردنیدا، تەنیا سەروپێی ئاژەڵەکە ناخورێت، نەخۆشی تاعون لە ناوچەکەدا کەمە، بەڵام بەهۆی گەرمیان و کوێستانی ئاژەڵەکانەوە ئەو نەخۆشیە بڵاوبوەتەوە”.