ئەمڕۆ یارییەک بەڕێوەدەبات
بۆ یەکەم جار ژنێک لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا ناوبژیوانی دەکات
964+
بەهرە محەمەدئەمین
یوشیمی یاماشیتا خۆی ئامادە دەکات وەک یەکەم ناوبژیوانی ژن یارییەک بەڕێوە ببات لە پاڵەوانیەتیی 18یەمی جامی نەتەوەکانی ئاسیا و مێژوو بەناوی خۆیەوە دەنووسێتەوە، چونکە دەبێتە یەکەم ژنە ناوبژیوان لەو پاڵەوانیەتییەدا .
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا پشتڕاستی کردەوە یوشیمی یاماشیتا، ناوبژیوانی ژاپۆنی، یاریی نێوان ئوستوڕالیا و هیند لە پاڵەوانیەتی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەڕێوە دەبات، کە ئەمڕۆ کاتژمێر 2:30 لە قەتەڕ بەڕێوەدەچێت.
بەمەش یاماشیتا دەبێتە یەکەم ژنە ناوبژیوان لە مێژووی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا و یەکێکە لەو پێنج ژنە ناوبژیوانەی کە لەم خولەی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەشدارن.
یاماشیتای تەمەن 37 ساڵان، لەلایەن هەردوو هاونیشتمانییەکەشی، ماکۆتۆ بۆزۆنۆ و نائۆمی تیچیرۆگیەوە لەم ئەرکەدا هاوکاری دەکرێت، کە خۆیان وەک یەکەم ناوبژیوانی ژن تۆمارکردووە لە یارییەکانی جامی وڵاتانی ئاسیا 2019 و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای 2022 و لە خولی یانەکانی ژاپۆنی ئەمساڵ بەشدارن.
یاماشیتا، یەکەم ژنە ناوبژیوانی پیشەگەرە لە ژاپۆن کە لە ساڵی 2015دا نیشانەی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، هەروەها یەکەم ژنە کە لە ئەیلولی 2022دا ناوبژیوانی لە خولی ژاپۆن ئەنجامداوە و پێشینەی پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتیشی هەیە، یەکێک بووە لەو شەش ژنە ناوبژیوانەی بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەر دەستنیشانکران.
یاماشیتا ناوبژیوانی سەرەکیی یاریی کردنەوەی مۆندیالی ژنانی ساڵی 2023ش بوو، کە لە نێوان ئوسترالیا و نیوزیلەندا ئەنجامدرا، هەر لەو مۆندیالەشدا ناوبژیوانی دوو یاریی دیکەشی کردووە و لە دوو یاریی دیکەشدا وەک ناوبژیوانی چوارەم کاری کردووە.
