کەلوپەلی نەخۆشخانەیەکی بێ خێر کردووە
بارانەکەی ئەمشەوی سلێمانی بێ زیان نەبوو
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەهۆی بارانەکەی ئەمشەو لەچەند گەڕەک و شەقامێکی سلێمانی ئاستی ئاو بەرز بووەتەوەو زیانی بە چەند ماڵێک گەیاندووە.
ئەو ماڵانەی ئاو چووەتە ژوورەوە لە گەڕەکەکانی راپەڕین ، بەڕێز سیتی و ئارۆ سیتی بوون، جگە لەو گەڕەکانە ئاو چووەتە ناو بەشی خوارەوەی نەخۆشخانەی بێست لایڤ.
وەک دەردەکەوێت سەرە مەنهۆڵی ئەو گەڕەكانە گیراون و نهۆمی ژێر زەمینی نەخۆشخانەی بێست لایڤ پڕ لەئاو بووە، زەرەرو زیانی مادی هەبووە.
كازم مەجید، لێپرسراوی خزمەتگوزاری و ئاوەڕۆ لەشارەوانی گەڕەکی راپەڕین بە 964 ی راگەیاند، “مەنهۆڵی بەردەم نەخۆشخانەكە گیرابوو، بەهۆی ئەوەوە لە نهۆمی ژێر زەمینی نەخۆشخانەی بێست لایڤ ئاستی ئاو زۆر بەرزبووەتەوە، زیانێكی مادی زۆر بەر نەخۆشخانەكە كەوتوە”.
ئەوەشی وت، تیمەكانی شارەوانی راپەڕین چونەتە شوێنەكەو ئاوەكەیان دەرداوە، بەڵام بەشێكی كەلوپەل و پێداویستیە پزیشكییەكانی نەخۆشخانەكە خراپ بوەو ناتوانرێت بەكاربهێنرێتەوە.