کۆنترین ئامێری 50 ساڵە

ئەو ئاشەی شەوان سەرەی بۆ دەگیرا ئێستاش دەنگیدێ

964+
کامیار کەمال – پێنجوێن

ماوەی 30 ساڵە لەگەڵ خۆیدا ئاشەکەی ژیاندووە، ئەوکاتەی کە ئاشەکەیان دامەزراند کاریان زۆر زۆر بووە، بە جۆرێک کە خەڵک بە دوو رۆژ لە سەرەدا وەستاون تاوەکوو کارەکانیان بۆ رایی بکرێت.

ئەمە، هادی مەحمودی ئاشەوانە کە لە ساڵی 1970، لە گوندی مەسۆی سەر بە قەزای پێنجوێن لە دایکبووە.

هادی مەحمود، سەبارەت بە پیشەکەی بە 964ی وت، لە ساڵی 1993 دا ئەو ئاشەیان دامەزراندووە، سەرەتا ژوورێکی بچووک بووە و سەقفەکەشی دار بووە، چەند ئامێرێکی سەرەتایی تێدا بووە، کە کۆنترین ئامێری ناو ئاشەکەی لە کاتی دەستپێکی کارکردن لە ئاشەکەوە داناوە و تا ئێستاش کاری پێ دەکات.

وتیشی، ئەو کەسەی لێی کڕیوە پێ وتووە 20 ساڵ پێشتریش کاری کردووە واتە، کۆنترین ئامێری ناو ئاشەکە نزیکەی 50 ساڵە کار دەکات، کە هەموو جۆرەکانی دانەوێڵە و هاڕینی شەکریشی پێ کراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا