دیمەنی رێگای زوبەیدە.
نابینا دەگەیەنێتە مەنزڵ
عێراق و سعودییە مشووری رێگا کۆنەکەی حەج دەخۆن
964+
ژووری هەواڵ
ئەو رێگایەی ساڵانێکی زۆر رێی کاروانی حاجیان بوو لە عێراقییەوە بۆ سعودییە، ئێستا دەبێتە رێیەکی گەشتیاری و کەلتوری گرنگ، عێراق و سعودییە پێکەوە مشووری دەخۆن.
لەنێوان کوفە لە عێراق تا دەگاتە مەککە لە سعودیە رێگایەکی گەورە هەبووە کە ناوی ”رێگای زوبەیدە” بووە، بەگەورەترین رێگای حەجکردن و بازرگانی ناسراوەو ئێستا خەریکە یونسکۆ وەک رێگایەکی شوێنەواری دەیناسێنێت و عێراق و سعودییەش دەیانەوێت زیندووی بکەنەوە.
ئەیاد حەسەن بەڕێوبەری گشتی چاککردنەوە و پاراستنی کەلتووری وەزارەتی رۆشنبیری عێراق بە 964 وت ”لەگەڵ لایەنی سعودی رێکەوتووین بەشداری بکەن لە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی رێگاکە”.
لەلای عێراقەوە هەر یەک لە وەزارەتی کارەباو نەوت و نیشتەجێبوون و بیناسازی و شارەوانی و سەرچاوەکانی ئاو، دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی بەشێک دەبن لە تیمی ئەم پرۆژەیە.
ئەیاد حەسەن وتیشی ”لە دوای تەواوبوونی دۆسییەی پرۆژەکە یونسکۆ کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بواری مێژووی تەرخاندەکات بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەکە و دەنگدان لەسەری.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەم رێگایە بە رێی زوبەیدە ناسراوە ئەویش لەناوی زوبەیدەی کچی جەعفەری کچی ئەبو جەعفەری مەنسوری وەرگیراوە، کە ژنی هارونە رەشید بووە.
زوبەیدە بەشداربووە لە دروستکردنی رێگاکە کە بووەتە گرنگترین رێی حەج و بازرگانی سەردەمی خەلافەتی ئیسلامی، ئەوکاتیش وتوویانە گەورەترین کاری مرۆڤکردە، لەسەر زاری خەڵکیش ئەو قسەیە باو بووە کە ”ئەگەر نابینایەک بەپێ پیایدا بڕوات دەگاتە مەکە”.
درێژی رێگاکە 1276 کیلۆمەترەو 54 وێستگەو خانووی تێدایە لەگەڵ چەندین بیر و حەوزو شوێنی حەوانەوە.